سێنتکۆم: دوو مووشەکی کروزی دژە کەشتیی حوسییەکانمان لە یەمەن تێکشکاند

فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)
فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمەریکا (سێنتکۆم)

سێنتکۆم ڕایگەیاند، دوو مووشەکهاوێژی کروزی دژه کەشتی لە ناوچەی ژێر دەستەڵاتی حوسییەکانی یەمەن تێکشکاند.

هێزەکانی فەرماندەی ناوەندی ئەمەریکا سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی دوو مووشەکهاوێژی دژە کەشتیی کروزی (ASCM) سەر بە حوسییەکانی لە یەمەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو مووشەکهاوێژانە هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و ئەو کەشتییانەی بەناو ناوچەکەدا تێدەپەڕین هەبوو.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و پاراستنی ئاوە نێودەوڵەتییەکان و کەشتییەکان لە دەریای سوور.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سەنتکۆم، ڕایگەیاند کە 8 درۆنی حوسییان لە ئاسمانی دەریای سووردا لەناو بردووە.

لە مانگی تشرینی دووەمەوە حوسییەکان دەیان هێرشیان بە مووشەک درۆن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و دەریای عەرەب دەست پێ کردووە، کە بە پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە دەزانن یان بەرەو بەندەرەکانی دەچن، دەڵێن ئەمە بۆ پشتیوانیی لە فەڵەستینییەکان دێت لە کەرتی غەززە.

پێشتر حوسییەکان ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئەمەریکا دووپاتکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە کە کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر ڕێڕەوی ئاوی دەریای سوور و دەریای عەرەبیدا دەسەپێنن، وەک خۆیان دەڵێن.