ئەو دەرمانانەی ئۆنڵاین بۆ کەمکردن و زیادکردنی کێش دەفرۆشرێن کاریگەری دەکاتە سەر گورچیلە و جگەر

پسپۆرێکی فسیۆلۆجی پزیشکی ئاشکرای دەکات، ئەو دەرمانانەی بەشێوەی ئۆنڵاین و دوور لە ڕێنمایی تەندروستیی بۆ کەمکردن و زیادکردنی کێش دەفرۆشرێن، کاریگەری خراپ لەسەر گورچیلە و جگەر و دڵ دروست دەکەن.
وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو ماددە خۆراکیانەی کە بەناوی دەرمانی کەمکردن و زیادکردنی کێش بەشێوەی ئۆنڵاین و بەدەر لە ڕێنماییە تەندروستییەکان بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت، هۆشداریی دەداتە هاووڵاتییان کە ئەو ماددە خۆراکیانە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات ئەگەر بەکاری بهێنن.
وەزارەتی تەندروستی وەک ئاگادارکردنەوە بۆ هاووڵاتییان ئاماژە بەوە دەکات کە، بە ئۆنڵاین بەرهەمی ساختە بەناوی بەرهەمی سروشتی و بێ زیان دەفرۆشرێت، هاوکات بە بانگەشەی ساختە بەرهەمی بەناو سروشتی بە ئۆنڵاین دەفرۆشرێت، دەشڵێت، بەرهەمی ئۆنڵاین مەترسیدارن، چونکە پڕن لە ماددەی شاراوە و مەترسیدار.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە، بەهۆی بەکارهێنانی بەرهەمی ئۆنڵاین، مەترسیی خەواندن لە نەخۆشخانە زیاد دەکات، ئاگاداریی هاووڵاتییانی کردووەتەوە کە دەرمان تەنها لە دەرمانخانەکان بکڕن و ڕێنمایی دەرمان لە دەرمانساز وەربگرن، هۆشدارییان پێدەدات لەوەی دەرمانەکان پیویستە ستیکەری کوالێتی کۆنتڕۆڵی وەزارەتی تەندروستی پێوەبێت.
دکتۆر محەمەد میرزا، پسپۆری فسیۆلۆجی پزیشکی بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە هەڵە کوشندەکانی هەندێ لە هاووڵاتییان ئەوەیە کە ڕەچاوی تەندروستیی خۆیان و ڕێنماییەکانی تەندروستیی ناکەن، لەخۆیانەوە دەرمان بەکاردێنن بێ ئەوەی لە زیانەکانی بزانن، بەوەش ژیانیی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.
ئەو دکتۆرە لەبارەی ئەو دەرمانانەی بۆ زیاد و کەمکردنی کێش بەشێوەی ئۆنڵاین دەفرۆشرێن گوتی، ئەو دەرمانانە کاریگەریی دەکەنە سەر گورچیلە و جگەری ئەو کەسەی کە بەکاری دێنێت، گورچیلە کە بەرپرسە لە گۆڕینی ماددە خۆراکییەکان بۆ ئەوەی سوود بە جەستەی مرۆڤ بگەیەنێت، لەگەڵ دەردانی ماددە زیانبەخشەکان لەنێو لەشدا، بەڵام بە بەکارهێنانی ئەو دەرمانانەی کەم کردن و زیاد کردنی کێش، ئەرکی گورچیلە سست دەبێت، لێدانی دڵ خێراتر دەکات و فشاری خوێن بەرز دەکاتەوە، کاریگەری دەکاتە سەر ڕژێنەکان کە چەوریی لەش رێک دەخات، دەرمانەکانی کێش کەمکردن و زیادکردن ڕێگریی لەو ڕژێنە دەکەن و وا دەکات کە کرداری هەرسکردنی چەورییەکان ڕوو نەدات و چەوریی لەخوێن کۆببێتەوە، بەوەش نەخۆشیی شەکرە دروست دەبێت هاوتا لەگەڵ بەرزی ڕێژەی چەوریی لەخوێن، هەروەها وشکبوونەوە و سکچوون و کەم بوونەوەی ڤیتامینەکان.
پێشتر، سەرکار سورچی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، پاش ئەوەی بەدواداچوونمان و پشکنینمان بۆ ئەو ماددە خۆراکیانە کرد کە بەشێکیان لە شێوەی چا بوون یاخود شێوەی قاوە و ڕێکلامیان بۆ دەکرا کە کێش دادەبەزێنن و زیاد دەکەن، بۆمان دەرکەوت ئەو ماددە خۆراکیانە دەرمان لە پێکهاتەکانیاندا هەیە، بۆیە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە ئەو ماددە خۆراکیانە بە هاووڵاتیان بدرێت و مامەڵەیان پێوە بکرێت بەدەر لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی.