بڕیاری سیستمی بێدەنگ کردنی موەلیدەکان لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت

موەلیدەی یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر
موەلیدەی یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرەڕای بڕیاری پارێزگای هەولێر، بۆ دانانی سیستمی بێدەنگ کردنی موەلیدە، بەشێک لە خاوەن موەلیدەکان ئەو بڕیارەیان جێبەجێ کردووە، بەڵام بە گوتەی هاووڵاتییان لە بەشێكی گەرەکەکانی هەولێر تا ئێستا دەنگ و دووکەڵی موەلیدەکان بێزارکەرە.

لە بەدواداچوونێکی کوردستان24، هاووڵاتییەک بەناوی فەرهاد عەبدوڵڵا  ئاماژەی بەوەکرد: ماوەی 10 ساڵە ماڵی بەرامبەر موەلیدەی گەڕەکەکەیانە و پێشتر بەهۆی دەنگی بەرزی موەلیدە و دووکەڵەکەی هەراسان ببوو، بەڵام چەند ساڵێکە بەهۆی بڕیارەکەی پارێزگای هەولێرەوە، کێشەکەیان چارەکراوە و ئێستا بیر لە فرۆشتنی خانووەکەی بەهۆی نزیکی لە موەلیدەوە، ناکاتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو بڕیارە کارایە و زۆر کەسیش سزا دراون، بەڵام وەرزی گەرما و هاوین وایکردووە ئەو گرفتە بە تەواوی بنبڕ نەکرێت.

قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: لە وەرزی هاوین فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر موەلیدەکان بۆ پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان، بەتایبەتی هەندێک ڕۆژ تا نزیکەی 14 کاتژمێر کاردەکەن، بۆیە ئەمەش گرفتی دروستکردووە بۆ جێبەجێ کردنی تەواوی ئەو بڕیارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ بێدەنگ کردنی هەموو موەلیدەکان.