بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی جیهان پلەی شەشەمی بەدەست هێنا
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بەڕێوەبەرایەتیانەی بەرپرسە لە یەکلایکردنەوەی کەیسەکانی تاوان لە ھەرێمی کوردستان، لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتی DNA بۆ کەیسە ئاڵۆزەکان، پلەی شەشەمی سەر ئاستی جیھانیان بە دەستھێناوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێمی کوردستان لە چەند بەشێک پێک ھاتووە و نوێترین ئامێرەکانی پشکنین بەکار دەھێنن، ڕۆژانە پشکنین بۆ یەکلایکردنەوەی کەیسەکانی تاوان دەکەن، دەبێت لە قۆناغی یەکەمدا بیسەلمێنن کە تاوانباری ئەو کەیسەی پشکنینی بۆ دەکەن، مرۆڤە.
نارین عەبدوڵڵا، پشکنەری شارەزای بایۆلۆجی لە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: بەشێوەیەکی گشتی بۆ یەکلایی کردنەوەی کەیسەکانی پشکنین، هەفتەیەکیان دەوێت بۆ گەیشتن بە ئەنجام، بەڵام زۆرجار هەبووە لە کەیسی بەپەلە و هەستیاردا، لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی پشکنینەکانیان دەرچوواندووە.
گرنگترین ئەو کەیسانەی کە لە ماوەیەکی کەمدا لە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێمی کوردستان یەکلایی کراوەتەوە: کەیسی خزمەتگوزارێک بوو کە لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی لە هەولێر بێسەروشوێن بوو، هەروەها کەیسەکانی ئەنفال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و منداڵانی ونبووی ھەڵەبجە.
لەلایەن خۆیەوە، عەقیدی بایۆلۆجی د. شاخەوان خاليد، بەڕێوەبەری بەشی بایۆلۆجی لە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد: دوای ئەوەی کەیسی خزمەتگوزارە ونبووەکەی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی هەبوو، بەشدارییان لەو پێشبڕکێیە کرد و یەکەمین جارە، شارەزایانی کورد بەوشێوەیە دەتوانن لە پێشبڕکێیەکی پلەیەکی بەرز بەدەست بهێنن و بە فەرمی ناوی بەڕێوەبەرایەتی بەڵگەکانی تاوانی ھەرێمی کوردستان بهێنرێت.
ئەوەی لەم بەڕێوەبەرایەتییە گرنگە، بوونی ھەموو ئەو کەرەستە پێشکەوتووانەی پشکنینە کە لە ناو تاقیگەی بەڕێوبەرایەتیەکەدا هەن، بۆ یەکەمجاریش لەسەر ئاستی عێراق داتا بەیسی DNA دانیشتووان دانراوە.