شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان ژمارەیەك پەرلەمانتار روویدا
سەرۆكی پەرلەمان ھەڕەشەی سزادانی پەرلەمانتاران دەكات
K24 – ھەولێر
پەیامنێری كوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند: "لەنێوھۆڵی پەرلەمان شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان ژمارەیەك پەرلەمانتار روویدا، ھەروەھا پەرلەمانتاران بە زۆرینەی دەنگ وەڵامەكانی وەزیری داراییان رەتكردەوە".
گوتیشی: "تا ئێستا پڕۆسەی لێپرسینەوە لە ھۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێراق بەردەوامە".
راشیگەیاند: "سەلیم جبووری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، هەڕەشەی سزادانی لەو پەرلەمانتارانە کرد، کە هێرش دەکەنە سەر ئەندامانی دیکە ئەنجوومەن، ئەمەش وەك کاردانەوەی شەڕە مست و دەمەقاڵێی نێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد و عەرەب، لە کاتی پرۆسەی لێپرسینەوە لە هۆشیار زێباری وەزیری دارایی عێڕاق.
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراقی بە مەبەستی پەسندکردنی چەند پڕۆژە یاساییەک و ئەنجامی لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی عێراق كۆبووەوە و تا ئێستا كۆبوونەوەكە بەردەوامە.
بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقی بڕیارە ژمارەیەک پرۆژە یاسا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت لەوانە هەموارکردنی یەکەمی یاسای دەستەی داواکاری موڵکی، دەستەی دەروازە سنوورییەکان و پێشنیازە یاسای هەموارکردنی چوارەمی یاسای سەندیکانی رۆژنامەنووسانی عێراقی ساڵی 1969، پڕۆژە یاسای هەڵگرتنی باج لەسەر کۆمپانیا و بەڵێندەرە بیانیانیەكان، تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای دەستەی وزەی ئەتۆمی عێراق، تاووتوێکردنی هەموارکردنی یەکەمی یاسای بێسەرپەرشتان، تاووتوێکردنی پرۆژەیاسای کۆمپانیاکان.
هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق متمانەی لە خالید عوبێدی وەزیری بەرگری عێراقی وەرگرتەوە و لێپرسینەوەش لە وەزیری دارایی کرا.