سعوودیه.. ئاماریی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانی ڕۆژی عه‌ره‌فه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

ده‌سته‌ی پەیوەندییەکان و بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆجیای سعوودیه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ڕۆژی نۆی زیلحیججه‌ ژماره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كان 40 ملیۆنی تێپه‌ڕاندووه‌ و به‌ ڕێژه‌یه‌كی به‌رزیش هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌ست و سه‌ركه‌وتوو بوونه‌.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 16ـی حوزه‌یرانی 2024، ده‌سته‌ی پەیوەندییەکان و بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆجیای سعوودیه‌ بڵاوی كرده‌وه‌، ژماره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كان له‌ ڕۆژی نۆی زیلحیججه‌دا كه‌ ده‌كاته‌ ڕۆژی عه‌ره‌فه‌، 42 ملیۆن و 200 هه‌زار په‌یوه‌ندیی بووه‌، كه‌ 36 ملیۆن و 300 هه‌زاریان ناوخۆیی و پێنج ملیۆن و 900 هه‌زاریشیان ده‌ره‌كی بوونه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانیش به‌ ڕێژه‌ی 99% به‌رده‌ست و سه‌ركه‌وتوو بوونه‌.

ڕۆژی شه‌ممه‌ 15ـی حوزه‌یرانی 2024، دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە ڕایگەیاند: کۆی گشتی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ ملیۆنێک و 833 هەزار و 164 حاجییە، کە لەو ژمارەیەدا ملیۆنێک و 611 هەزار و 310 حاجی وڵاتانی دەرەوەی سعوودیەن و 221 هەزار و 854 حاجی هاووڵاتی و نیشتەجێی سعوودیەن.

بەپێی ئامارەکان، ئەمساڵ لە کۆی گشتیی ژمارەی حاجییان، 958,137 حاجی پیاو و 875,027 حاجی ئافرەت بەشدارییان لە بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج کردووە.

هاوکات دەستەی گشتیی ئامار لە سعوودیە لەبارەی شێوازی گەشتی حاجییان ڕوونی كرده‌وه‌، 1,546,345 حاجی بە فڕۆکە، 60,251 حاجی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە (بە ئۆتۆمبێل) و 4,714 حاجی لە ڕێگەی دەروازە ئاوییەکانەوە (بە کەشتی) سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە بە مەبەستی حەج کردن.

هەروەها ڕێژەی وڵاتان لە حەجی ئەمساڵ بەپێی ئامارەکان بریتییە لە وڵاتانی عەرەبی 22.3%، وڵاتانی ئاسیا بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان 63.3%، وڵاتانی ئەفریقا بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان 11.3% و وڵاتانی ئەورووپا، ئەمەریکا و ئوسترالیا  3.2%.