دووەمین دیمانەی شانۆیی دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا ساز دەکرێت

دووەمین دیمانەی شانۆی کوردی دیاسپۆرا بە درووشمی "بیروەری و گێڕانەوە" بە بڕگە شانۆیی و سەما و سیمینار و کۆمێدی و وۆرکشۆپی جەستە و دەنگ و پرۆفۆرمانس لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.
ڕەوەند جەواد ئەندامی بەشی راگەیاندنی دیمانە شانۆییەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: دیمانە شانۆییەکە دوای ئەوەهات، کە پار ساڵ بە نمایشکردنی چەند بەرهەمێکی شانۆیی لە چوار پارچەی کوردستانەوە بەرهەمەکان پێشکەش بە لێژنەی هەڵسەنگاندنی شانۆ کرابوو بۆ دەستنیشان کردنی باشترین بەرهەم و ئەکتەر و دەق لە شانۆی کوردی دا، بۆ ئەمساڵ پێشنیار کرا دیمانەکە فراوانتر بکرێت و سەما و کۆمێدیا و پرفۆرمانس و سیمینار و ۆورکشۆپی جەستەیی و دەنگ جێگەی بکرێتەوە، تا هونەرمەندان بتوانن لە بوارە جیاوازەکاندا پێشکەوتن و داهێنانی خۆیان نمایش بکەن.
لە بارەی کاتی دەستپێکردنی دیمانە شانۆییەکەشدا گوتی: 28ـی حوزەیران لە شاری هالەی ئەڵمانیا پڕۆگرامەکانی دیمانەکە Rادەگەیەنین و لە 30ی مانگ کۆتایی بە پڕۆژە هونەرییەکەمان دێنین و خەڵاتی دیمانە شانۆییەکە دەبەخشینە بەشداربووان و باشترینەکانی نێو دیمانە شانۆییەکە.