10 ناوچەی عێراق لە لیستی 15 گەرمترین ناوچەکانی جیهانن

گەرما لە عێراق
گەرما لە عێراق

لە حەوت پارێزگای عێراق پلەی گەرما گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی. بە گوێرەی ڕوانگە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكانیش، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 10 ناوچەی عێراق له‌نێو ئەو 15 ناوچەی جیھاندان كە به‌رزترین پله‌ی گه‌رمایان له‌سه‌ر ئاستی جیهان تۆمار كردووە.

عێراقییەكان لەم ڕۆژانەدا بە بەردێک دوو نیشانە دەپێکن، بە سەردانیكردنی مەلەوانگەکان ھەم سوود لە پشووەكانی جەژن وەردەگرن و حەزی مەلەکردنیان تێر دەکەن، ھەمیش لە گەرما و بێکارەبایی خۆیان ڕزگار دەکەن. نزیکبوونەوەى پلەى گەرما لە 50 پلەی سیلیزی، ئاپۆڕەی مەلەوانگەکانی بەغدای زیاتر  کردووە.

دانیشتوویەکی بەغدا دەڵێت، "کەشێکی خۆش و فێنكی ھەیە، بەهۆى بەرزى پلەى گەرما و پچڕانى بەردەوامى کارەباوە، ناتوانین لە ماڵەوە بمێنینەوە و منداڵەکانمان هێناوە بۆ ئێرە، وەک دەبینن دڵخۆشن و چێژی لێ وەردەگرن".

شەپۆلێکى گەرما لە سەرەتاى ئەم هەفتەیە عێراقى گرتووەتەوە. لە بەغدا 45 پلەی تێپەڕ كرد و لە چەند پارێزگای باشوورى عێراقیش پلەکە گەیشتە 50 پلەى سیلیزی. عێراق كە لە وەرزی هاویندا بە گەرمای تاقەتپڕۆكێن ناسراوە، ئەم ڕۆژانە بەدەست پچڕانی بەردەوامی کارەباشەوە گرفتارە.

دانیشتوویەکی دیکەی بەغدا ئاماژە بەوە دەدات، "ئێمە هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی منداڵەکان بتوانن کەمێک یاری بکەن. كەشوھەوا لە دەرەوە زۆر گەرمە، منداڵان بۆ یاریكردن لە دەرەوە بەرگەی ئەم گەرمایە ناگرن و نەخۆش دەكەون."

بە گوێرەی ڕوانگە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 10 ناوچەی عێراق له‌نێو ئەو 15 ناوچەی جیھاندان كە به‌رزترین پله‌ی گه‌رمایان له‌سه‌ر ئاستی جیهان تۆمار كردووە.

لیستی 15 گەرمترین ناوچەی جیهان لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا:

1. ئومیدییە – ئێران – 51 پلەی سیلیزی

2. عەممارە – عێراق – 50 پلەی سیلیزی

3. عەرەفات – سعوودییە - 50 پلەی سیلیزی

4. ناسڕییە – عێراق - 50 پلەی سیلیزی

5. بەسرە – عێراق – 49.5 پلەی سیلیزی

6. کەربەلا – عێراق - 49.5 پلەی سیلیزی

7. عەبادان – ئێران - 49.4 پلەی سیلیزی

8. فڕۆکەخانەی نەجەفی نێودەوڵەتی -  عێراق - 49.2 پلەی سیلیزی

9. سافی ئاباد دزفۆل – ئێران - 49.1 پلەی سیلیزی

10. مینا – سعوودییە – 49.0 پلەی سیلیزی

11. فاو – عێراق – 48.9 پلەی سیلیزی

12. سەماوە – عێراق – 48.9 پلەی سیلیزی

13. رەفاعی – عێراق – 48.8 پلەی سیلیزی

14. فڕۆکەخانەی بەسرەی نێودەوڵەتی – عێراق – 48.7 پلەی سیلیزی

15. بەدرە – عێراق – 48.6 پلەی سیلیزی

Fly Erbil Advertisment