گەشتیارێکی باکووری کوردستان لە ڕووباری خەلان بیاو خنکا
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەشتیارێکی باکووری کوردستان کە تەمەنی 49 ساڵە و بۆ گەشت هاتبووە هەرێمی کوردستان، لە ڕووباری خەلان بیاو خنکا.
ئەمڕۆ سێشەممە، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، گەشتیارێکی خەڵکی باکووری کوردستان بەناوی " ساوس بەشار" کە بۆ گەشتوسەیران هاتۆتە ناوچەکە لەرووباری خەلان بیاو لەسنوری قەزای خەلیفان خنکا.
میراودەلی باسی لەوەش کرد، گەشتیارەکە کوردە و تەمەنی 49 ساڵە، ڕاشیگەیاند، تەرمی گەشتیارەکە دۆزراوەتەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادی سۆران کراوە
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، مقەدەم سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، ئاماری ڕووداوەکان لەسەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە، گەیشتووەتە 2162 ڕووداوی جۆراو جۆر، هەروەها 31 حاڵەتی خنکانیش هەبووە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ڕێژەیە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە، بەتایبەت حاڵەتەکانی خنکان، بەڵام ئەوەی جیاوازە لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا زۆرینەی ئەو کەسانەی خنکاون کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن. دەشڵێت: حاڵەتەکانی خنکان لە ساڵانی ڕابردوودا، بەشێکیان هاووڵاتیانی ناوەڕاست و باشوور بوون، بەشێکیشیان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق بوون وەک هاووڵاتیانی سووری و ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.