میران بەختیار: تا ئێستە لە سایلۆی هەولێر 29 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر
میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ جەژنە بەڵام پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر بەردەوامە و تا  ئێستە لە سایلۆی هەولێر 29 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.

سێشەممە (18ـی حوزەیرانی 2024) ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ نزیکەی 175 بارهەڵگر گەنم ڕادەستی سایلۆی هەولێر کراوە و پرۆسەکە بەردەوامە.

میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ جەژنە بەڵام پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر بەردەوامە و تا ئێستە لە سایلۆی هەولێر 29 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە و ئەمڕۆش 5 هەزار تۆنی دیکە وەردەگیرێت.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر، ئاماژەی بەوە دا، بە شێوەیەکی گشتیی 228 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی پارێزگای هەولێر وەردەگرێت.

هەر ئەمڕۆ هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، بەشی هەولێر ئەمساڵ 228 هەزار تۆن گەنمە، 16 هەزار و 799  جووتیاریش ناوی خۆیان بۆ پرۆسەی بەبازاڕکردن تۆمارکردووە.