لیستی مووچەی مانگی 10 بڵاوکرایەوە
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی تەواونەبوونی رێکارە تەکنیکییەکان و پشووی فەرمیی کۆتایی هەفتەی بانکی ناوەندی، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو.
چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا، لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10)ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە.
سەبارەت بە میکانیزمی خەرجکردنی پارەکە، وەزارەتەکە روونی کردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی تەمویلەکە لە کۆتایی کاتی دەوامی فەرمیی ئەمڕۆدا خراوەتە سەر هەژماری وەزارەت، تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان و راکێشانی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، دەکەوێتە سبەی پێنجشەممە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوەش داوە، بەهۆی رێکارە تەکنیکییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بە سیستەمی پارەدارکردنی (ACH)، لەگەڵ هاوکاتبوونی پشووی فەرمیی رۆژانی هەینی و شەممە لە بانکی ناوەندیدا، رێکارەکانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانکیی سەرجەم مووچەخۆران لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە تەواو دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هاوکات وەزارەتی دارایی ئەوەی خستووەتەڕوو، کە هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی گشتی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم لە کۆی تەمویلەکە بڕیوە.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی دیکەی مووچەخۆران، وەزارەتەکە دەڵێت: بڕی چوار ملیار و 476 ملیۆن و 540 هەزار دینار لە تەمویلی ئەم مانگەدا نەنێردراوە، کە ئەو بڕەش بریتی بووە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی پێشووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.