توركیا باكووری منبج بۆردوومان دەكات
"ژمارەیەك ھاووڵاتی سڤیل گیانیان لە دەستداوە"
K24 - ھەولێر
میدیاكانی سەر بە پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) رایانگەیاند، فڕۆكە و تۆبخانەكانی توركیا گوندەكانی باكووری منبج لە رۆژئاوای كوردستان بۆردوومان و تۆپباران دەكەن.
بەپێی زانیارییەكان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە و تۆبخانەكانی توركیا گوندەكانی باكووری منبج و رووباری ساجووریان بۆردومان و تۆپباران كردووە.
میدیاكان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە كە ژمارەیەك لە ھاووڵاتیانی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوونە.
چەند رۆژێكە سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بۆ باكووری سووریا دەستپێكردووە، ھێزەكانی یەپەگەش رایانگەیاندووە كە فڕۆكە و تۆبخانەكانی توركیا لە منبج بنكە و بارەگاكانی ئەوانیان كردووەتە ئامانج.