غەززە: 120 کەس کوژران

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە ڕایگەیاند، لە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 37 هەزار و 551 فەڵەستینی کوژراون و 85 هەزار و 911 فەڵەستینی بریندار بوونە.

وەزارەتی تەندروستی لە غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 120 کەس کوژراون، گوتیشی: لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، 85 هەزار و 911 کەس لە فەڵەستین برینداربوونە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، "ژمارەیەک قوربانی هێشتا لەژێر داروپەردووی سەر ڕێگاوبانەکانن، تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگریی شارستانیش ناتوانن فریایان بکەون."

لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکران، کە بەهۆی ڕێککەوتنی ئاگربەست زیاتر لە 130 کەسیان ئازاد کران و ژمارەیەکیشیان بەهۆی بۆردمانەکانی ئیسرائیل کوژران.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشێکی چڕی کردە سەر کەرتی غەززە و شارەکانی دیکەی فەڵەستین، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 37 هەزار و 551 فەڵەستینی کوژراون نزیکەی 86 هەزاریش بریندار بوون.

 

Fly Erbil Advertisment