دەرکەوتنی دوو وه‌زیری عێراقی به چاكهتەوه کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە

به‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی پێدانی كاره‌با، به‌شی زۆری دانیشتوانی پارێزگاكانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق ڕۆژانە ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن. ده‌ركه‌وتنی هه‌ردوو وه‌زیری كاره‌با و سه‌رچاوه‌كانی ئاو به چاكهتەوە، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاردانه‌وه‌ی لێ کەوتووەتەوە.
سه‌باره‌ت به دۆخی خراپی كاره‌با له وه‌رزی هاوین و نیگه‌رانیی هاووڵاتییان، لیژنه‌ی ده‌ستپاكیی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند، وه‌رزی هاوین قۆناغی هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌بێت و چاودێرییه‌كی وردی كاره‌كانیان ده‌كه‌ن.
مه‌هدی غه‌ریب، ئەندامی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی ده‌ڵێت، "وەرزی هاوین فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ سەلماندنی سەرکەوتنی وەزارەتی کارەبا لە جێبەجێکردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی بۆ دابینكردنی وزه‌ی كاره‌با بۆ هاووڵاتییان داویه‌تی. تا ئێستا وەزارەتی کارەبا نه‌یتوانیوه پێدانی کارەبا له ئەمساڵدا به‌راورد به هاوینی ڕابردوو، باشتر بكات".
كه‌مبوونه‌وه‌ی كاره‌با و هاوینێكی تاقه‌ت پڕوكێنی 50 پله‌ی سیلیزیی، عێراقییه‌كانی ته‌واو هه‌راسان كردووه. له‌پاڵ ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكدا، ده‌ركه‌وتنی دوو وه‌زیری عێراقی به جلوبه‌رگی زستانه، كاردانه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
عه‌ون زیاب، وه‌زیری سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق، له میانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك له به‌سره، لە شه‌ودا، به چاكه‌تێكی كه‌تانه‌وه دەرکەوت. هه‌روه‌ها زیاد عه‌لی فازڵ، وه‌زیری كاره‌باش بە ڕۆژ و لەژێر پلەیەکی بەرزی گەرما، بە چاكهتێكەوە دەرکەوت. هاووڵاتی و چاودێرانیش خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر بۆ هەردوو حاڵەتەکە دەکەن.
له‌و باره‌یه‌وه ئه‌حمه‌د خه‌زر، شرۆڤه‌كاری سیاسی پێیوایه، سێ هۆكار هه‌یه، له‌وانه، "وەزیرەکان گاڵتە بە گەرما دەکەن و هەوڵدەدەن ئه‌و واقیعه‌ی هه‌یه کەمی بکەنەوە، یان وەزیرەکان هەست بەو گەرمایە ناکەن، چونکە چێژ لە کارەبای 24 کاتژمێری و ئامرازەکانی فێنككه‌ره‌وه وەردەگرن، یان هەوڵێکە بۆ سەرقاڵکردنی ڕای گشتی و شاردنه‌وه‌ی قەیرانی کارەبا و له‌بیربردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانی دیكه‌یه له مێشکی خه‌ڵكدا".
قەیرانی کارەبا یەکێکە لە خراپترین کێشەکان لە ساڵی 2003ـەوە عێراقییه‌كان بە دەستییەوە گرفتارن. سەرەڕای ئەوەی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان بودجەیەكی زەبەلاحیان بۆ ئەو کەرتە خەرج کردووە. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌یان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كان بۆ باشتركردنی دۆخی كاره‌با ئیمزا کردووە، به‌ڵام كاتێك وه‌رزی هاوین و گه‌رما هات، هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتن و گرێبه‌ستانه، ده‌رمانی ده‌ردی بێ كاره‌بایی عێراقییه‌كان ناكات.