22 لایەنی سیاسی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
K24 - هەولێر:
یەک رۆژ لەبەردەم لایەنە سیاسیەکان و ھاوپەیمانی و کاندیدانی سەربەخۆ و کاندیدانی پێکھاتەکان ماوە بۆ ئەوهی داواکاری پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن بۆ بەشداریکردنیان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 تاوەکوو ئێستا 22 لایەنی سیاسی، دوو ھاوپەیمانێتی و زیاتر لە 72 کاندید بۆ کورسی گشتی و کۆتای پێکهاتەکان تۆمارکراون.
یەکێک لەو لایەنە سیاسییانەی بایکۆتی شکاند و لە کۆمیسیۆن خۆی تۆمار کردووە، بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانە و عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژی بزووتنەوەکە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکوو ئێستا ڕاوێژیان پێنەکراوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن.
عەبدوڵڵا وەرتی گوتیشی: لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە خۆیان تۆمار کردووە و لیستی کاندیدانی خۆیان پێشکەش بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە.
لەلایەن خۆیەوە، مەڕوان محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: بەردەوامن لەسەر ئامادەکارییەکانی خۆیان بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و چاوەڕوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، وادەی هەڵبژاردنەکە دیاری بکات.