بنەماڵەی قوربانیانی 7ـی ئۆکتۆبەر سکاڵا لە دژی ئۆنروا تۆمار دەکەن

وێنەی ڕێکخراوی  ئۆنروا
وێنەی ڕێکخراوی ئۆنروا

بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەردا کوژراون، سکاڵای یاساییان لە دادگای نیویۆرک لە دژی UNRWA تۆمار کرد بە تۆمەتی "بەشداریی لەو کۆمەڵکوژییە".

ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، بنەماڵەی قوربانییەکان UNRWA تۆمەتبار دەکەن بەوەی زیاتر لە 10 ساڵ پێش هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر یارمەتی حەماسیان داوە بۆ دامەزراندنی ژێرخانی تیرۆریستی خۆی.

خێزانی قوربانییەکان دەڵێن، " 'UNRWA' خۆی ئەو دۆلارە ئەمەریکییانەی بۆ حەماس دابین کرد، بە شێوەی کاش، کە پێویستی بووە بۆ پارەدان بە بازرگانانی چەک و کڕینی تەقەمەنی و کەرەستەی تیرۆریستی دیکە".

هەروەها بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، بنەماڵەی کوژراوەکان سکاڵاکەیان لە شاری نیویۆرک تۆمار کردووە، کە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکانی لێیە و UNRWA خزمەتگوزارییە بانکییەکان بەکاردەهێنێت.

ئاماژەی بەوەش دا، " UNRWA" دەیان ساڵە بەرپرسیارە لە پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەڵەستینییەکان، بەڵام لەو کاتەوەی ئیسرائیل 12 لە کارمەندی ئاژانسەکەی بە "تێوەگلان لەم هێرشەدا" تۆمەتبار کردووە، گیرۆدەی قەیرانێکی قووڵە.

لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مانگی نیساندا بڵاوکرایەوە، پسپۆڕان بە سەرۆکایەتیی کاترین کۆلۆنا، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە "کێشەیەک لە بێلایەنی سیاسی UNRWA هەیە، بەڵام ئیسرائیل بەڵگەی پێشکەش نەکردووە بۆ پشتگیریی لە تۆمەتەکانی دژی دەزگاکە". بەمەش تۆمەتەکانی ئیسرائیل وای کرد چەند وڵاتێک پارەی خۆیان بۆ ئاژانسەکە ڕاگرن، زۆرینەی ئەو وڵاتان پاشەکشەیان کرد لە ڕاگرن بودجە، جگە لە ئەمەریکا.

فیلیپ لازارینی، کۆمیساری گشتی UNRWA بەردەوام داوا لە ئیسرائیل دەکات "هەڵمەتە توندوتیژەکانی لە دژی لە نەتەوە یەکگرتووەکان" بوەستێنێت.

لە وتارێکدا کە لە کۆتایی مانگی ئایاردا لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاو کرایەوە، لازارینی، ڕایگەیاند کە "لانی کەم 192 کارمەندی UNRWA لە غەززە کوژراون، و زیاتر لە 170 دامەزراوەی UNRWA لەناوچوون یان زیانیان پێگەیشتوو".

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لای خۆیەوە وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی غه‌ززه‌ ڕایگەیاند، لە دوای 8ـی ئۆکتۆبەرەوە تاکو ئێستە به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوان بۆ 37 هه‌زار و 626 كه‌س به‌رز بووه‌ته‌وه‌، هاوكات ژماره‌ی برینداران گه‌یشتووه‌ته 86 هه‌زار و 98 كه‌س. ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌ 70%ـی قوربانییه‌كان منداڵ و ئافره‌تن.