خانزاد ئەحمەد: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕۆژانە بەیاننامەی بێناوەرۆک بڵاو دەکاتەوە

ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لە شەشەمین کۆنفرانسی لالش لە هەولێر ڕایگەیاند، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕۆژانە بەیاننامەی بێناوەڕۆک بڵاو دەکاتەوە و حکوومەتی فیدراڵیش هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی ئەم وەزارەتەوە فەرمان دەردەکات.
سێشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2024، د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، لە شەشەمین کۆنفرانسی لالش لە هەولێر ڕایگەیاند، ئامانج لە گرێدانی کۆنفرانسی لالش ئەوەیە کە تیشک بخاتە سەر ڕزگاربووانی توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها ئەو توندوتیژییە سێکسییەی کە وەک چەکێک لە کۆمەڵگای کوردستان بە گشتی و پەیڕەوانی ئایینی ئێزیدی بەتایبەت بەکار هێنرا.
ئەو دەڵێت، "دەمانەوێت بزانین دوای 10 ساڵ ڕەوشی شنگال و دەورووبەری و ڕەوشی ڕزگار بووانی و ڕەوشی تاکەکان و کۆمەڵگا بەگشتی چۆنە. ئایا لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیویانە زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنن بۆ ئەوەی ڕزگار بوویەکی توندوتیژی دەستی ڕێکخراوی داعش بەسەر بەرزانە بگڕێتەوە زێدی خۆی؟ بۆچی ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ ناکرێت؟ ئەگەر ناشیانەوێ ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن، ئینتەر ناتیڤەکەی چییە؟"
خانزاد ئەحمەد دەشڵێت، "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەیاننامەی بێناوەڕۆک بڵاو دەکاتەوە و حکوومەتی فیدڕاڵیش هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی ئەم وەزارەتەوە فەرمان دەردەکات و داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات بۆ شنگال، ئایا توانیوویەتی لە ڕێگەی ئەمنی سیاسی ئاوەدانکردنەوە سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتییەوە زەمینەی لەبار بۆ ئاوارەکان بڕەخسێنێت؟"