"رێژه‌ی كوژرانی كۆڵبه‌رانی كورد به‌رزبووه‌ته‌وه‌"

K24 - هه‌ولێر:

نوێنەرێكی كورد لە پەرلەمانی ئێران ھۆشداریدەدات لە بەرزبوونەوەی رێژەی كوژرانی كۆڵبەرانی كورد لە ناوچە سنوورییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان.

رەسول خزری، نوێنەری پێرانشار و سەردەشتى رۆژھەڵاتی كوردستان لە پەرلەمانی ئێران، دەڵێت: "كوژرانی كۆڵبەرانی كورد لەلایەن ھێزە ئەمنییەكانی سنووری ئێرانەوە لە بەرزبوونەوەدایە، ھۆكارەكەشی بۆ بڕیاری داخستنی سنوورەكان لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا گەڕاندەوە".

ئەو نوێنەرە كوردەی پەرلەمانی ئێران رەخنە لە سیاسەتەكانی دەوڵەت بەرانبەر بە ناوچە سنوورییەكان دەگرێت و دەڵێت، بە بیانووی كۆنتڕۆلكردنی كاڵای قاچاخ لە سنوورەكانەوە كۆڵبەرانی كورد دەكوژرێن، لەكاتێكدا لەسەدا 99.5 ی قاچاخی كەلوپەل لە سنوورە ئاوییەكانەوە ئەنجام دەدرێت.

بە پێی ئاماری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە كۆڵبەرانی كورد لە ناوچە سنوورییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان، بە تەقەی راستەوخۆی ھێزەكانی ئەمنییەكانی ئێران دەكوژرێن و بریندار دەبن.