نەسروڵڵای ڕەشنودی: دەنگدەرانی ئێرانی دەتوانن لە کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر دەنگبدەن
کونسوڵی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، سندوقی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی ئێرانی لە دهۆک و هەولێر سۆران دانراوە و دەتوانن دەنگبدەن.
ئەمڕۆ هەینی 28ـی حوزەیرانی 2024، نەسروڵڵای ڕەشنودی، کونسوڵی ئێران لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سندوقی دەنگدان لە پارێزگای دهۆک داندراوە بڕیار بوو لە ئاکرێ و زاخۆش دەنگی ئێرانییەکان وەربگیرێت، دواتر ئێرانییەکان خۆیان ڕایانگەیاند، کە خۆیان دەچینە پارێزگای دهۆک پێویست بە زاخۆ و ئاکرێ ناکات.
بە گوتەی ئەو کونسوڵە، "ئەو ئێرانییانەی کە دەیانەوێت بچن بۆ دەنگدان لە دهۆک، دەچنە سندوقی ناوەندی پاریزگای دهۆک، سندوقێکی دیکەشمان هەیە لە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بۆ ئەو ئیرانییانەی کە دەنگ دەدەن".
ئەو کونسوڵە دەڵێت، "لە کاتژمێر 8 سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەستمان بە وەرگرتنی دەنگەکان کردووە تاکو 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. ئەگەر پێویستیش بێت، بەپێی ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەمان کاتەکە درێژ دەکرێتەوە. ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژرادنەش ڕۆژی شەممە ڕادەگەیەنرێت".
نەسروڵڵای ڕەشنودی دەشڵێت: "وردە وردە هاووڵاتییانی ئێران کۆدەبنەوە و ڕوومان تێدەکەن، جەماوەری دەنگدەری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 61 ملیۆن کەسە کە مافی دەنگدانیان هەیە، پێموایە دەنگدان لەم خولەدا بەرامبەر بە خولەکانی دیکە زیاتر و پێشکەوتووتر دەبێت".
ڕاشیگەیاند، ناکرێت لە ئێستەدا هەڵسەنگاندن بکەین، بەڵام پێشوازییەکی باش لە دەنگدان کراوە لە دهۆک و سۆران و ئەو سندوقەی لە هەولێر هەیە. پێشبینی ئەوەشمان کردووە کە هەڵبژاردنەکان بچێتە گەری دووەم و ئامادەییشمان بۆ ئەوە کردووە، ئەگەر هەڵبژاردن ئەمڕۆ بە ئەنجامی کۆتایی نەگات و بگاتە گەری دووەم هەینی داهاتوو گەری دووەمی دەنگدان دەبێت.
نزیكهی 61 ملیۆن دهنگدهر مافی دهنگدانیان له ههڵبژاردنی سهرۆككۆماری ئێران ههیه. محەممەد ئیسلامیی، گوتەبێژی ناوەندیی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ناوخۆی ئێران 24 هەزار و 522 سدووقی دەنگدان لە ناوەندی شارەکان و 24 هەزار و 118 سندووقی دیکە لە گوندەکان دانراون کە بەسەر 43 هەزار و 425 ناوەندی جێگیری وەرگرتنی دەنگ دانراوە لەگەڵ 15 هەزار و 215 ناوەندی گەڕۆک دابەش بوون.
ئێوارەی ڕۆژی 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕهئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.