پزیشکێکی جوانکاری کورد خەڵاتێکی نێودەوڵەتی دەباتەوە
پزیشکی جوانکاریی لە هەرێمی کوردستان، توانی لەسەر ئاستی جیها خەڵاتی جوانکاریی ساڵانەی ئەکادیمیای فلێمت بباتەوە.
ئەمڕۆ هەینی، 28ـی حوزەیرانی 2024، د. هێمن زەمان، پزیشکی جوانکاریی لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئیڤێنتێکی ئەکادیمیای فلمێتە کە ساڵانە لە وڵاتە جیاجیاکانی دونیادا دەکرێت، پزیشکانیش لە سەرتاسەری جیهاندا تێیدا بەشداری دەکەن، بۆ ئەمساڵی 2024، لە بانکۆکی پایتەختی تایلەند ئەم ئیڤێنتە کرا.
بەگوتەی ئەو پزیشکە، "یەکێک لە بڕگەکانی ئەم کۆنفرانسە بریتییە لە؛ پێشبڕکێیەک لەنێوان پزیشکە جیاجیاکانی دونیا کە بەشداربوون، چەند ڕۆژێک بەر لە کۆنفڕانسەکە ئەوکارانەی کە لەبورای جوانکاری ڕووخساردا دەیکەن، دەینێرن بۆ ئەکادیمیایی فیلمێت، ئەو ئەکادیمیایە لەڕیگەی لیجنەیەکی هەڵسەنگاندن، کاری پزیشکەکان هەڵدەسەنگێنێت و بەراوردکارییان بۆ دەکات".
ئەو پزیشکە دەڵێت، "لەناو ئەم پزیشکانەدا پێنج پزیشک وەکو باشترین پزیشک کە کارەکانیان کردووە دەستنیشان دەکرێن و خەلات دەکرێن. لەناویاندا من وەکو پزیشکیکی جوانکاری عێراق و هەرێمی کوردستان کە بەشداریم کردبوو لە ئیڤێنتەکەدا، توانیم لەو پێنج پزیشەکەی کە هەڵبژێردرابوون براوەی یەکەم بم و خەلاتەکەش بەدەستبهێنم".
هێمن زەمان ڕاشیگەیاند، "لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکە هەریەک لە پزیشکەکان کارەکەی خۆی نمایش و پێشکەشی دەکات و باسی کارەکەی دەکات کە چۆن کردوویەتی و بەچ ڕێگەیەکیش ئەنجامیداوە. ئەوەشی زۆر جەختی لەسەر کرایەوە لە ئەکادیمیایەکە ئەوەیە کە کارەکان بەشێوازی زانستی و سروشتی بکرێت، بەجۆرێک ئەو جوانکارییەی بۆ ئەو مرۆڤەی دەکرێت هەست بەو جوانکارییە نەکرێت لەلایەن کەسانی دیکەوە، ئەوە خاڵی گرنگی کۆنفرانسەکە بوو کە زۆر جەختی لەسەر کرایەوە".