ئەردۆغان: هیچ هۆیەک بۆ ڕەتکردنەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ سووریا نییە

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی سەرۆکی سووریای دایەوە و ڕایگەیاند، هیچ هۆیەک بۆ ڕەتکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا نییە و ئاماژەی بەوەشکرد:  کۆبوونەوەی خێزانیمان لەگەڵ بەشار ئەسەد هەبووە.

ڕۆژی (28ـی حوزەیرانی 2024) ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای نوێژی هەینی لە ئیستانبوڵ لە وه‌ڵامی گوتەکانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کە گوتیبووی، سووریا لەبەرامبەر هەر دەستپێشخەرییەک کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ئاماده‌یه‌، ڕایگەیاند، هیچ هۆیەک بۆ ڕەتکردنەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سووریادا نییە.

ئەردۆغان گوتیشی: "چۆن لە ڕابردوو لەگەڵ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان بووین، دیسان بەهەمان شێوە دەتوانین بەردەوام بین. ئامانجی دەستوەردانمان لە کاروباری ناوخۆی سووریا نییە. خەڵکی سووریا لەڕووی کۆمەڵگەوە برای ئێمەن و پێکەوە دەژین".

لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەد، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد: "پێشتر دیدارەکانمان گەیشتنە ئەو ئاستەی دیداری خێزانیی لەگەڵ بەشار ئەسەد بکەین. هیچ شتێک مەحاڵ نییە و سبەی جارێکی دیکە ئەگەری دووبارەبوونەوەیان هەیە".

ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا لەمیانی پێشوازیکردنی لە نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، سووریا ئامادەیە بۆ هەموو دەستپێشخەرییەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا.