پۆلیسی هەولێر ڕوونکردنەوە لەبارەی ڕووداوێکی گیان لەدەستدان بڵاودەکاتەوە
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی حاڵەتێکی گیان لەدەستدان لە شاری هەولێر ڕایگەیاندووە: ئەفسەرێکی وەزارەتی پێشمەرگە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
ڕۆژی (28ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ئاماژەی بەوەکردووە: کاتژمێر (4:30) خولەکی ئێواره، تيمەكانى بەڵگه و تاوانى هه ولێر و تيمەكانى كامێراى چاودێرى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، گەيشتنه شوێنى ڕووداوێكى گيان لەدەستدان له شەقامى لاوەكى 150 مەترى هەولێر.
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە: لە لێكۆڵينەوە سەرەتاييەكان دوای گەياندنى تەرمەكه بۆ پزيشكى دادوەرى دەرکەوت کە هاووڵاتیيەك به ناوى (موحسین محەممەد ڕەشيد) كه پيشەی ئەفسەره بە پلەى ليوا له وەزارەتى پێشمەرگه بە چه كى جۆرى كڵاشینکۆف، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە و بە تەنیا بووە لەنێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی خۆیدا.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لیوا موحسین محەممەد ڕەشید، بەڕێوبەری پێشووی کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە، بەهۆی کارەساتێکی نەخوازرا و دڵتەزێن گیانی لە دەستداوە، چۆنیەتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بۆ هێزە ئەمنیەکان جێدەهێڵین.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لیوا موحسین محەممەد ڕەشید، ئەفسەرێکی دڵسۆز و خەمخۆر بوو لەبواری پزیشکی سەربازی و خزمەتێکی زۆری بەهێزی پێشمەرگە گەیاندووە، بەتایبەت لەشەڕی دژی تیرۆرستانی داعش ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو".