خامنەیی: ئەمەریکا و ئیسرائیل بەدروستکردنی داعش نیازی داگیرکردنی ئێرانیان هەبوو

ئاتەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەمەریکا و ئیسرائیل بەپیشتوان و نەخشەداڕێژەری تێکدانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: بەپیلانی دروستکردنی داعش و هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتی ئەکفیریی ئیسلامی بەنیازبوون کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوەشێننەوە، بەڵام پیلانە حەوت ملیار دۆلارییەکەیان شکستی هێنا.
مێدیای ئێران دەقی گوتارەکەی ڕێبەری باڵای ئێران کە لە "کۆنفرانسی نێودەوڵەتی شەهیدانی موقاوەمە و پارێزەرانی حەرەم" پێشکەشی کردووە، بڵاوکردەوە و لەو گوتارەدا خامنەیی دەڵێت، "دوژمنانی ئێران پیلانێکیان زۆر مەترسیدار داڕشتبوو، ئەوان گرووپێکیان بەناوی ئیسلام لەسەر بنەمایەکی مەزهەبی و عەقیدەیی دروست کردبوو، بەڵام لەنێوان پەنجەکانی ئەمەریکا بوون، داعشەکان لە گۆڕەپانی شەڕ تەکبیریان دەکرد و بریندارەکانیشیان لە نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل دەخەوێنران و تیمار دەکران. بەرپرسانی ڕژێمی ئیسرائیلی ببوونە چارەسازی ئەوان، دیمەنەکان بڵاوکرانەوە و هەموو کەسێک بینی."
گوتیشی "ئەو پیلانەی دایان ڕشتبوو زۆر مەترسیدار بوو. مەرامیان کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بوو بۆ داگیرکردنی ئێران. دەیانویست ئێران لە ئاستی ناوچەکەدا بکەوێتە ژێر دەسەڵات و هەژموونی ئەمەریکا و داگیرکاران بۆ سەرخستنی پلانەکەشیان حەوت ملیار دۆلاریان خەرج کردووە، ئەمەش چەندین جار لەسەر زاری کەسی یەکەمی ئەمەریکا دووربارە کراوەتەوە کە حەوت ملیار دۆلاریان لەم ناوچەیە خەرج کردووە، بەڵام هەموو ئەو خەرجییەی کردیان پووچ بوو و با بردی."
هەر لە گوتارەکەیدا، ئەمەریکا و ئیسرائیل بەپشتیوانان و دروستکاری داعش تۆمەتبار دەکات و دەڵێت "ئەوان و دوژمنانی دیکەی ئێران نیازیان بوو لە ڕێگەی داعشەوە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئێران چەند حکوومەتێک بەناوی ئیسلام دروست بکەن کە ئیسلامێکی تەکفیری بن و بەمەش فشار و سزای زیاتر بەسەر ئابووری ئێران بسەپێنن و لە ڕێگەی مەزهەبی و عەقیدەییەوە ئێران لەبەر یەک هەڵوەشێننەوە، بەڵام پارێزەرانی حەرەم کە پۆلێک لە گەنجان و پیرانی ئێرانن، توانیان پیلانێکی مەترسیدار و پر خەرجیی داگیرکاران شکست پێ بهێنن".