ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد له‌ سوریا داوای كشانه‌وه‌ی سوپای توركیا ده‌كات

رژێمی ئه‌سه‌د، سوریا كردووه‌ گۆڕه‌پانێكی كراوه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی

K24 – هه‌ولێر

ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد له‌ سوریا داوای كشانه‌وه‌ی سوپای توركیا له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌كات كه‌ پێی وایه‌ رژێمی ئه‌سه‌د، سوریا كردووه‌ گۆڕه‌پانێكی كراوه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی.

ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد لە بەیاننامەیەكدا هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ سوپای توركیا بۆ ناو سنووری رۆژئاوای كوردستان ده‌ربڕی كه‌ ده‌ستێوه‌ردانی توركیا به‌ بیانووی پشتگیری له‌ سوپای ئازاد و شه‌ڕی دژی داعش و ته‌واوی هێزه‌كانی بیانی له‌ سوریا شه‌رمه‌زار ده‌كات و داوای كشانه‌وه‌یان له‌ ناو سنووری سوریا ده‌كات.

هه‌روه‌ها هه‌مو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كات كه‌ گه‌لی كورد به‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر یه‌كێتی سوریا ده‌زانن و ده‌ڵیت روانینی سیاسی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كورد ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی سوریا روونه‌ كه‌ داوای ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی و فره‌یی ده‌كات كه‌ مافی گه‌لی كورد له‌ چوارچیوه‌ی ده‌ستوور دیاری كرابێت.