رووماڵ

سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆ دەبێتەوە

سەرۆک بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی
سەرۆک بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی

K24 – بەغدا:

پاش کەمێکی دیکە سەرۆک بارزانی، لە ماڵی سەرۆکی ڕەوتی حیکمە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆ دەبێتەوە و چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکرێت.

چوارشەممە 3ـی تەمموزی 2024، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، گوتی: دوای ئێوارەخوانێک لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرکردەی ڕەوتی حیکمە؛ سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆ دەبێتەوە، هاوکات کۆبوونەوەکە کاتێکی زۆر دەخایەنێت و چەند پرسێکی گرنگی تێدا تاوتوێ دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەشێک لە سەرکردەکانی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر کرا، هاوکات جەخت لە چارەی سەرجەم کیشەکان کرایەوە.

پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق. سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزانی ئەمەریکا، چین، رووسیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا لە عێراق کۆ بووەوە.

بڕیارە سەرۆک بارزانی، سبەینێ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دیکە ساز بدات لەگەڵ سەرکردە سوننەکان، پاشان سەردانی سەرۆککۆماری عێراق دەکات و کۆتایی بە کۆبوونەوەکانی دەهێنێت.

سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا

چوارشەممە، 3ـی تەممووزی 2024، سەرۆک بارزانی، بە مەبەستی سازدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سەرکردە سیاسیەکانی عێراق، گەیشتە بەغدا.

لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، هاوکات سوودانی لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند "ئەمڕۆ شەرەفمەندبووم بەم سەردانەی برای بەڕێز کاک مەسعود بارزانی، ئەم سەردانەی بۆ بەغدا گرنگە بە مەبەستی دیدار و گفتوگۆکان، چونکە سەرکردەیەکی نیشتمانپەروەرە و ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەبووە لە پرۆسەی سیاسییدا".

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "گفتوگۆیەکی بنیادنەرانەمان لەسەر پرسە جیاوازە ناوخۆییەکان و دۆخە هەرێمییەکان کردووە، بە دڵنیاییەوە لە بارەی ناوخۆوە قۆناغێکی باشمان لە دروستکردنی متمانە لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیوە، هەروا لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا چەند پرسێکمان تێپەڕاندووە، ئێستاش بەرەو گەشەپێدانی زیاتر و داهاتووێکی گەشاوەتر هەنگاو دەنێین کە سوودی بۆ تەواوی هاووڵاتییانمان هەبێت لە بوژانەوە و گەشانەوەدا".

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی ئەمڕۆی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی دەربڕی و ڕایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەی، بەهێزکردنی ئەو هەوڵانەیە کە پێشتر لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراون و بوونەتە هۆی کردنەوەی گرێکوێرە و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان.

سەرۆک بارزانی، سوپاسی و ستایشی هەردوو سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و محەممەد شییاع سوودانی و هەموو ئەو بەرپرسە سیاسییانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا داوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانە" و "تێڕوانینی هاوتا"ـیان لەبارەی بارودۆخی ناوخۆیی و هەرێمی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبووە و دووپاتیشی کردەوە، "بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریی".

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، "ئەگەر نیازی باش هەبن، چارەکردنی هیچ کێشەیەک زەحمەت نابێت. سوپاس بۆ خوا ئەم نیازانە هەن و برام، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەم نیازانە سەرکردایەتیی وڵات دەکات؛ بەو نیازانەی ئێمەی گەیاندووەتە ئەم بارودۆخە ئارامە. هیوادارین ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکاندا بن".