ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی سەربازیی مۆر دەکەن

مۆرکردنی ڕێککەوتنی سەربازیی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا
مۆرکردنی ڕێککەوتنی سەربازیی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا

وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵ و فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی سەربازیی بۆ پشتیوانیی زیاتری پێشمەرگە ئیمزا کرد، کونسوڵی ئەڵمانیا دەڵێت: لە پشتیوانیەکانمان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین.

چوارشەممە 3ـی تەممووزی 2024، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کلاوس دیتەر شترایشەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا و کۆڵۆنێڵ لارس پێرسیکۆڤسکی، فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازیی یاوەریان کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری هەماهەنگیی و پەیوەندییەکان ئامادەبوون؛ وەزیری پێشمەرگە باسی لە پرۆسەی چاکسازیی و دۆخی سیاسیی و سەربازیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا کرد. وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، جەخت دەکەینەوە لە بەردەوامیی بەو پەیوەندییە ستراتیجییە دوورمەودایەی نێوانمان، سوپاسی گەل و حکومەتی ئەڵمانیا دەکەین لە بەرامبەر پشتیوانی و هاوکاریی هەمیشەییان بۆ پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیواخوازین هەماهەنگی زیاتر دروست ببێت لە نێوانماندا.

لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەیەکیان بۆ پرۆژەکانی بەرزکردنەوەی توانا و پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگە مۆر کرد. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە حکوومەتی ئەڵمانیا هاوکاریی زیاتر لە چەند بوارێکدا پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە دەکات. دەربارەی ڕێککەوتننامەکە وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: ئەمە دەبێتە دەستکەوتێكی پێویست و پشتیوانییەکی گرنگ و گەورەی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ گەشەپێدانی توانای سەربازیی و بەرەوپێش بردنی گشت بەش و یەکە کارگێری و سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئایندەدا.

لەلای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی لە بەرەوپێش چوونی کارەکانی پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشـمەرگە؛ هەروەها لەبارەی مۆردکردنی ڕێکەوتننامەکە گوتی: حکومەتی ئەڵمانیا بە ئەرکی خۆی دەزانێت پاڵپشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بکات، گوتی، هاوکارتان دەبین لە پرۆسەی چاکسازیی و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەشەپێدانی زیاتری توانای سەربازیی هێزی پێشمەرگە.