وەزارەتی بەرگریی تورکیا: 37 پێگەی پەکەکەمان لە ناوچە سنوورییەکان بۆمباران کردووە

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا، بۆمبارانی بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

ئێوارەی (3ـی تەمموزی 2024) وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاشکرای کرد: 37 پێگەی پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، گارە، خواکورک، قەندیل و ئاسۆس بۆمباران کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە، لەو چالاکییەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین بنکە و بارەگای پەکەکەیان بۆمباران کردووە کە لە ئەشکەوت و پەناگەکانی ئەو ناوچانە هەبوون، زۆربەیان وەک کۆگا و شوێنی مانەوەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە بەکارهێنراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر پەیامنێرانی کوردستان24 ڕایانگەیاند: ئەمشەو لە گوندەکانی پێنجوێن، پشدەر و بناری قەندیل چەند جارێک هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە دەنگی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیایان بیستووە.

بەپێی زانیارییەکان گوندەکانی بناویان، ساڵیاوان و کانی میران کەسەر بە قەزای پێنجوێنن و گوندی شێخەڵمارێن کە سەر بە قەزای چوارتایە، لەگەڵ بەرزاییەکانی سنووری پشدەر و قەندیل بۆمباران کراون.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوامە؛ ئەو ڕێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.

دروستکردنی مۆڵگە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و شەڕی بەردەوامی لەگەڵ سوپای تورکیا، تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.