بەریتانیا.. ئەمڕۆ دەسەڵات لە نێوان پارێزگاران و کرێکاران یەکلایی دەکرێتەوە

ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە بەریتانیا بەڕێوەدەچێت و هەریەکە لە پارتی پارێزگاران کە 14 ساڵە پارتی دەسەڵاتدارە و پارتی کرێکاران بە ڕکابەری سەرەکی هەڵبژاردنەکە دادەنرێن.
بەریتانیا، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە چەندان قەیران و ناسەقامگیرییدا تێپەڕیوە و لەو ماوەیەی پارێزگارەکان لە دەسەڵات بوونە پێنج جار سەرۆک وەزیرانیان گۆڕیوە، پێشبینی دەکرێت لەم هەڵبژاردنە پارتی کرێکاران ببێتە پارتی دەسەڵاتدار.
دوای چەندان قەیران و ناسەقامگیریی ئابووری و سیاسی و گۆڕانی سێ سەرۆکوەزیران لەو ماوەیەدا، دواجار هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەریتانیا دەست پێ دەکات و خەڵکی ئەو شانشینە ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی ئەمجارە گۆڕانی گەورە ڕوو بدات.
هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا هەر پێنج ساڵ جارێک بەڕێوە دەچێت، تەمەنی یاسایی دەنگدان لەو شانشینە لە 18 ساڵەوە بەرەو ژوورە.
پەرلەمانی بەریتانیا لە 650 کورسی پێک دێت، دەنگدەران لە 650 بازنەی هەڵبژاردن ئینگلاند، سکۆتلاند، وێڵز و ئێرلەندای باکوور دەنگ دەدەن بۆ ئەوەی پارتێك بتوانێت بەتەنیا حکوومەتی داهاتوو پێک بهێنێت، بۆ مسۆگەرکردنی ئەمەش پێویستە یەکێک لە پارتە سیاسییەکان زۆرینە یان لانیکەم 326 کورسی بەدەست بهێنێت.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی بەریتانیا 392 پارت تۆمار کراون و کێبڕکێیانە. ژمارەی دانیشتووانی بەریتانیا 67 ملیۆنە، دوایین هەڵبژاردن لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2019 بەڕێوەچووە و ڕێژەی بەشداریی لە 67.3% بوو، پارتی پارێزگاران کە 14 ساڵە پارتی دەسەڵاتداری بەریتانیایە و پارتێکی ڕاستڕەوە خاوەنی 344 کورسیە.
هەروەها پارتی کرێکاران کە پارتێکی چەپڕەوە و خاوەنی 205 کورسیە و لەم هەڵبژاردنە ڕکابەریی سەرسەختی پارێزگارەکان دەکات، دوای ئەوانیش پارتی سکۆتلاندی نیشتمانییە ئەویش چەپڕەوە و خاوەنی 43 کورسیە.
چەندین بابەت بوونەتە جێگەی سەرنجی دەنگدەرانی بەریتانیا، بەگوێرەی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی یو گۆڤ، ئابووری لە پلەی یەکەم دێت، تەندروستی لە پلەی دووەم دێت، هەروەها پرسی کۆچبەران و پێدانی مافی پەنابەرێتی لە پلەی سێیەمە.
هەر بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییە، لەم هەڵبژاردنە 39% بەشداربووان دەنگ بە پارتی کرێکاران و %22ـش دەنگ بە پارتی پارێزگاران دەدەن.