كاسبكارانی قهیسهرییه سووتێنراوهكهی كهركووك داوای قهرهبووکردنەوە دهكهن
یەکێک لەو قەیسەرییانەی لەلایەن ئەندامانی پەکەکەوە لە کەرکووک سووتێندراوە، قەیسەری "قیدار"ــە و کاسبکارانی قەیسەرییەکە، داوای قهرهبووکردنەوە دهكهن.
بەهۆی ئاگرێکی بێ ئامانەوە، ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژە، زیاتر لە 100 دووکاندار و خاوەن کۆگای قەیسەریی "قیدار" لە شاری کەرکووک، بێ کار و کەسابەت بوونە.
بڵێسەی ئاگرەکە هەر تەنها نەبووە هۆی سووتانی موڵ و ماڵی کاسبکارکان، بەڵکوو بووە هۆی لەناوچوونی یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی کەرکووکیش، کە مێژووەکەی 141 ساڵە. ئەمە چیرۆکی سووتانی "قەیسەری قیردار"ـە لە کەرکووک لەلایەن ئەندامانی پەکەکەوە، بە گوتەی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هەرێمی کوردستان.
بەدیعە عەلی، تاکە ئافرەتە لەم قەیسەرییە دووکاندار بوو؛ بەهۆی سووتانی دووکانەکانیشی هێندەی زەرە و زیان کردووە بە کارکردنی چەندین ساڵی دیکەش پێی قەرەبوو ناکرێتەوە. ئەو گوتی، "زەرەر و زیانێکی زۆرمان کردووە و نازانین چی بکەین".
لە هەردوو بەشی قەیسەرییەکە، 124 دووکان و کۆگا بە تەواوی سووتان. چیا ئەحمەد، یەکێکە لەو کەسانەی دووکانی جلوبەرگی منداڵانی هەبووە و ئێستا بێ کار و کەسابەت ماوەتەوە، تاکە شتێک کە سووکنایی دەدات بەدڵ و دەروونی ئەمان، سزادانی ئەو کەسانەیە کە بکەری سوتاندنی دوکانەکانیان بوون.
بەپێی خەمڵاندکان، زەرەر و زیانی ماددی کاسبکارەکان لەم بازاڕە بە دوو ملیار دینار خەمڵێندراوە، ماوەی نزیکەی مانگێکیشە دەستکراوە بە نۆژەنکردنەوەی قەیسرییەکە، بەڵام بەهۆی زۆری سووتانی دووکان و کۆگاکان ماوەی زیاتر لە سێ مانگی پێویستە تاوەکو پرۆسەی نۆژەندکردنەوەکە تەواو دەبێت.
هۆگر فەرهاد، سەرپەرشتیاری نۆژەنکردنەوەی بازاری قەیسەریی کەرکووک ڕایگەیاند، " زەرەر و زیانەکان دوو ملیار دینارن و کاسبکاران ناتوانن تاوەکو سێ مانگی دیکەش بێنەوە نێو بازاڕەکە".
هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، سێ تۆمەتباری سووتاندنی قەیسەریەکانی کەرکووک و هەولێر و دهۆکیان ڕاگەیاند، کە ئەندامی پەکەکە، دژە تیرۆری سلێمانی و یەکەی 70ـن و دەستیان هەبووە لە سووتاندنی ئەو بازاڕانە.