ئەندامێکی حزبی تهقهدوم: سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی گرنگی پرۆسەی سیاسی عێراقە
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی حزبی تهقهدوم، دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و زنجیرە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکان، دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ بەرپرسانی حزبی و حکوومی بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئاڵۆزییە سیاسییەکان بهێنن و پابەندی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان بن.
محهممهد عهلهوی، ئەندامی حزبی تهقهدوم، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا تا بڵێی گرنگە، سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی گرنگی پرۆسەی سیاسی عێراقە و هەمیشە هەڵوێستی لە پرسە سیاسییەکاندا هەبووە.
ئەو ئەندامەی حزبی تەقەدوم پێی وایە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغدا دەبێت، هەروەها دۆزینەوەی چارەیە بۆ پرسی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چەند پرسێکی دیکە.
لەبارەی بارودۆخی سیاسی بەغداوە، ناوبراو، دەڵێت: دۆخی سیاسی بەغدا بە تایبەتی لەسەر ئاستی سوننی ئاڵۆزییەکی گەورەی تێدایە، سەرۆکی حزبی تەقەدوم پێداگرە لەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت کەسێک بێت لە حزبەکەی، چونکە حزبەکە زۆرینەی سوننەی لەخۆ گرتووە.
گوتیشی: سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سوننییەکان و لایەنەکانی دیکە کاریگەری زۆر گەورەی دەبێت، لەوەش ڕۆڵی باشی دەبێت لە چارەکردنی خاڵە ناکۆکەکان، بە گشتی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەیە کە دیدگەکان لە یەکدی نزیک بکاتەوە، ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ هەموو حزبە سیاسییەکان.
لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، ئەو ئەندامەی حزبی تەقەدوم ئاشکرای کرد، زۆرینەی ئەو کۆبوونەوانەی کە سەرۆک بارزانی کردوویەتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو پەسە درێژەی کێشاوە، بەڵام ڕەنگە ئەو پرسە دوابکەوێت تا ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
محهممهد عهلهوی، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا لە کات و ساتێکی زۆر هەستیاردایە و تایبەتمەندییەکی زۆر گەورەی هەیە و چەند خاڵێکی تێدایە کە دەبێت لەبەر چاومان بێت.
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و زنجیرە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکان دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ بەرپرسانی حزبی و حکوومی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئاڵۆزییە سیاسییەکان بهێنن و پابەندی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان بن.