عەممار عەزاوی: عێراق پێویستی بە حیکمەت و سیاسەتی سەرۆک بارزانی هەیە

عەممار عەزاوی، سەرۆکی سەنتەری یەرموک
عەممار عەزاوی، سەرۆکی سەنتەری یەرموک

سەرۆکی سەنتەری یەرموک بۆ دیراسات و پلاندانانی ستراتیژی ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا عێراق پێویستی بە حیکمەت و سیاسەتی سەرۆک بارزانی هەیە، دەشڵێت، سەرۆک بارزانی سیاسەتێکی نەرمی هەیە و ئامانجەکانی زۆر بە وردی دەپێکێت.

پێنجشەممە 4ـی تەممووزی 2024، عەممار عەزاوی، سەرۆکی سەنتەری یەرموک بۆ دیراسات و پلاندانانی ستراتیژی لەبارەی کاریگەریی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەو کاتەدا زۆر گرنگە، گوتی، سەردانەکە مێژووییە دوای شەش ساڵ چونکە بۆ گەیاندنی پەیامێک بوو بە عێراق کە چەند دۆسییەک هەیە پێویستە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت، دەڵێت، سەرۆک بارزانی چەندین ساڵ ناوەندی لێک نزیکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی عێراق بووە، کۆبوونەوەکانی نیشانیدا کاریگەرییەکی مەزنی هەیە، لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆ دەربارەی نەوت و ڕێککەوتنی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەت و سەرۆکی  پەرلەمان و کێشەی  لایەنەکانی سووننە کرا، گوتی، سەرۆک بارزانی دەیسەلمێنێت کاریگەری زۆری لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەیە.

عەممار عەزاوی گوتی، سەرۆک بارزانی کەساییەتییەکی مێژووییە، ئێستا عێراق پێویستی بە حیکمەت و سیاسەتی سەرۆک بارزانی هەیە، هاوکات دەبێتە خاڵی کۆکەرەوەی هێز و لایەنە ناکۆکەکان و کۆکەرەوەی کێشەکان، دەڵێت، سەرۆک بارزانی خاوەن سیاسەتێکی نەرمە، دەتوانێ ئامانجەکانی زۆر بە وردی و بە کەمترین ڕێگە بپێکێت.

عەزاوی پێی وایە دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی کەش و هەوایەکی نوێ لەنێوان لایەنەکان دروست دەبێت لە عێراقدا، بەتایبەت بۆ چارەسەریی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق،  دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پێشوازیی سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە پێشتر چەندین کێشە هەبوون، بە مانایەی کە ئەو کێشانە چارەسەر دەبن، لێدوانەکانی دوای کۆبوونەوەکانیش دەرخەری ئەوە بوون کە کۆبوونەوەکان سەرکەوتوو بوون، گوتی، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی بۆ کێشەکان.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەوانەی لە ڕابردوودا ڕۆڵی بەرهەڵستکاریان بینی، لە پێشوازیی سەرۆک بارزانی بوون و لە کۆبوونەوەکان بەشدار بوون، گوتی، ئەوانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکان هەڵدراوەتەوە، لایەنەکانی ناکۆکی سووننی بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لەگەڵ یەکتر کۆبوونەوە.

کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ بەغدا پێکدێت لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و لە شاری بەغدا، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی عێراق دەکات و دیداری لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکان دەبێت.