رووماڵ

شرۆڤەکارێکی سیاسیی: سەرۆک بارزانی وزەیەکی ئەرێنی بە شەقامی عێراقی بەخشی

شرۆڤەکارێکی سیاسیی ڕایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک بارزانییان بۆ بەغدا کرد، هەروەها وزەیەکی ئەرێنی بە شەقامی عێراقی بەخشی.

د. ئیبراهیم سمۆ، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مێدیاکانی عەرەبی زۆر بەباشی شرۆڤەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانییان بۆ بەغدا کرد، هەروەها وزەیەکی ئەرێنی بە شەقامی عێراقی بەخشی.

گوتیشی: سەرۆک بارزانی بەتەنیا نەچووە سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات، بەڵکو لەگەڵ هەموو باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق کۆبوونەوەی کرد، بە ئەمەریکا و ئێران و وڵاتە عەرەبییەکانیشەوە، هەروەها سەرۆک بارزانی چووە بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکانی عێراق چارە بکات و نەهێڵێت بکەوێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە باسی لەوەش کرد، سەرۆک بارزانی پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای بە عێراقییەکان و وڵاتانی زلهێزدا و گوتی: ئەوە نیەتی ئێمەیە، بۆ عێراقێکی دیموکراتی، هەروەها سەرۆک بارزانی بۆ چارەکردنی کێشەی حزبی نەچووەتە بەغدا بەڵکو بۆ چارەکردنی کێشەی عێراق چووەتە بەغدا.  

ڕۆژی چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی کردبوو بۆ بەغدا پێکهاتبوو لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.  

لەسەردانەکەیدا کۆبوونەوەی لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و ئیدارەی دەوڵەت و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە و هەموو بەرپرسان و باڵیۆزانی وڵاتانکرد، جگە لەوەی کۆبوونەوەی لەگەڵ چەندین پارێزگاری شارەکانی عێراق کرد.