کونسوڵی ئێران لە هەولێر: ئەو پێشوازییەی لە سەردانی سەرۆک بارزانی کرا جێگەی سەرنجە
K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا نیشاندا و ڕایگەیاند: ئەو پێشوازییەی لە بەغدا لە سەرۆک بارزانی کرا، جێگەی سەرنجە.
ڕۆژی (5ـی تەمموزی 2024) نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و ئەو پێشوازییەی گەرمەی لەلایەن کەسایەتی و لایەنە سیاسییە عێراقییەکانەوە لێیکرا جێگەی سەرنجە.
کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ڕاشیگەیاند، هیوادارن سەردانەکەی سەرۆک بارزانی ببێتە هۆکاری بەهێزبوونی یەکڕیزی نێوان لایەنە عێراقییەکان و باشترکردنی مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر.
نەسروڵڵا ڕەشنوودی گوتیشی: "سەردانی بەڕێز بارزانی بۆ بەغدا و ئەو ڕێزەی لەلایەن، لایەن و کەسایەتییەکانەوە لێیگیرا جێگەی سەرنج و خۆشحاڵییە".
هەروەها کونسوی گشتیی ئێران لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: "ئومێدوارین سەردانی بەڕێزیان سەرکەوتووبێت و ببێتە هۆکاری یەکگرتوویی نێوان لایەنەکان لە نێوان گرووپە عێراقییەکان. هەروەها هیواخوازین سەردانەکەی بەڕێز بارزانی ببێتە مایەی هاتنەکایەیەی مامەڵەی باش لەنێوان لایەنەکان".