وائل حازم: بەسەردانەکەی سەرۆک بارزانی متمانە لەنێوان سوونەکان گەڕایەوە

وائل حازم، شرۆڤەکاری سیاسیی
وائل حازم، شرۆڤەکاری سیاسیی

شرۆڤەکارێکیی سیاسیی عێراقی ئاماژە بەوە دەکات کە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەڕووی سیاسیی و مەعنەوییە بۆ بەغدا، لە سەردانی ئەردۆغان و قائانی گرنگە، بەتایبەت لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان کە دوا کەوتووە.

شەممە 6ـی تەممووزی 2024، وائل حازم، شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی لەبارەی کاریگەریی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەسەر لێک نزیک کردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان، بەتایبەت لایەنەکانی سووننە، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی زۆر گرنگ بوو بۆ چارەسەری و کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکانی ناوماڵی سووننی، گوتی، ئەو دوولایەنەی ناکۆک بوون لەسەر پرسی سەرۆکی پەرلەمان، بەسەردانەکەی سەرۆک بارزانی لێک نزیکبوونەوە، دەشڵێت، سەرۆک بارزانی کاریگەریی زۆریی لەسەر لایەنە سوونەکان هەیە، بۆیە دوای پێشنیازەکانی سەرۆک بارزانی، لەگەڵ یەک کۆبوونەوە.

ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت، سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەڕووی سیاسیی و مەعنەوەیە لە سەردانی ئەردۆغان و قائانی و سەرۆک و کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ عێراق گرنگترە، گوتی، سوپاسگوزاریی سەرۆک بارزانی دەبین بۆ چارەی کێشەی پەرلەمان و لەخۆگرتنی ئاوارەکان ومامەڵەکردن لەگەڵ عەرەبەکان، دەشڵێت، هەڵوێستەکانی بارزانی هەڵوێستی بەرز و جوان و گەورە بوون و جێی ڕەزامەندیی سوونەکان بوون.

وائل حازم پێی وابوو، دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پەیوەست بوو بەبێ متمانەیی نێوان لایەنە سوونییەکان، بەسەردانەکەی سەرۆک بارزانی بابەتیی بێ متمانەیی کۆتایی هات و ئاوەکە گەڕایەوە ڕێچکەی خۆی، گوتی، ئێمە ڕێکەوتووین 20 ی مانگ سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێرین، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە، ڕێککەوتنە گەورەکە کراوە و بابەتەکە یەکلا بووەتەوە.

ئەو شرۆڤەکارە تیشکی خستە سەر ئەوەی، داوا لە تەواوی لایەنە سووننەکان کراوە دەرگای بەربژێرەکان بکرێتەوە، یاخود لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بکرێت بۆ بەربژێرێک کە بۆ عێراق بێت نەوەک هێز و لایەنێک، گوتی، عێراق ئێستا پێوسیتی بە پەرلەمانێکی چالاک هەیە کە هاوکاریی حکوومەت بێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان.

کاتژمێر 11:20 خولەکی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە، 03-07-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی بە یاوەری شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و لەلایەن محەممەد ئەلتەمیم و فواد حوسێن، جێگرانی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسە حکوومی و سیاسیەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.

ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەغدا پێهاتبوون لە: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەرەفات کەرەم ستوونی، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی؛ ئازاد بەرواری و هێمن هەورامی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ خالیدە خەلیل، گوتەبێژی بارەگای بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.