مەسعود پزیشکیان: دۆستایەتی ئێمە و گەلی هەرێمی کوردستان مێژووییە
مەسعود پزیشکیان سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران لە دیدارێکی لەگەڵ جێگری سەرۆکی لاوانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات کە، دۆستایەتی گەلی ئێران و خەڵکی هەرێمی کوردستان دۆستایەتیەکی مێژووییە.
شەممە 6ـی تەممووزی 2024، فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی لاوانی ئەوروپا لە پەڕەی فەرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە کە لە دیدارێکیدا لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران، دۆستایەتی گەلی ئێران و خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بە دۆستایەتیەکی مێژوویی وەسف کردووە.
تایبەت بەو دیدارەی لەگەڵ مەسعود پزیشکیانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران، فەلاح حەسەن جێگری سەرۆکی لاوانی ئەوروپا بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران پتەوە، دەڵێت، لە دوو دیداری جیادا لە کۆڕبەندی پەرلەمانتارانی جیهانی لە مۆسکۆ، پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولامان تاوتوێ کرد، بەتایبەتیش پرسی ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی.
فەلاح حەسەن ئاماژە بەوە دەکات، مەسعود پزیشکیان کەسایەتییەکی ڕیفۆرمخواز و لێهاتوو و زمانزانێکی کوردییە، لەو دیدارە بە جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسی ئەوروپای ڕاگەیاندووە کە، گەلی ئێران و خەڵکی هەرێمی کوردستان دۆستی لەمێژینەن و ئەو دۆستایەتییە پەرە پێ دەدەن، پزیشکیان ئومێدی کردووە دۆستایەتییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دراوسێیەتی باش بێت.
فەلاح حەسەن ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران دەبێتە جێی ئومێدی گۆڕانکاریی لە خزمەتی هەردوولادا.
بە گوێرە ئەنجامەکان، ڕێژەی بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریدا %49.8 بووە و ئاژانسی ئیرنا بڵاویان کردووتەوە، لە کۆی 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگی سەندووقەکانی دەنگدانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە بەرەی چاکسازیخوازەکان بە 16 ملیۆن و 384 هەزارو 403 دەنگ بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.
هەروەها سەعید جەلیلی لە بەرەی نەریتخوازەکان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماری توانیویەتی 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگ بێنێت.
مەسعود پزیشکیان، کێیە؟
29ـی ئەیلوولی 1954 لە مەهاباد لەدایکبووە.
دایکی کوردە و باوکی ئازەرییە.
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە.
2001 – 2005 وەزیری تەندروستی بووە.
پێنج خول لەسەر یەک پەرلەمانتار بووە.
2016 – 2020 جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووە.
گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە 28ی حوزەیرانی 2024 بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریی %30 بوو. کێبڕکێ لە نێوان چوار کاندیدا بوو کە هەر یەک لە سەعید جەلیلی و محەممەد باقر قالیباف کاندیدانی ڕەوتی نەریتخوازەکان بوون و تاکە کاندیدای ڕیفۆرمخوازەکانیش مەسعود پزیشکیان بوو. هەروەها مستەفا پوورمحەممەدی لە نێوان هەردوو ڕەوتەکەدا خۆی یەکلایی نەکردبووەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ یەکێک لە کاندیداکان نەیانتوانی بەربەستی یاسایی %50+1 تێپەڕێنن، بۆیە هەڵبژاردن چووە گەڕی دووەم و کێبڕکێی لە نێوان پزیشکیان و جەلیلی مایەوە.