مەسعود پزیشکیان: هەوڵی ژیانێکی باشتر بۆ خەڵک دەدەین
K24 – هەولێر:
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران دەڵێت: لەم هەڵبژاردنەدا بەڵێنی ناڕاستم نەدا، قسەیەکم نەکرد کە سبەی نەتوانم بە کردار جێبەجێی بکەم.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، بەبۆنەی دەرچوونی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: هەڵبژاردنەکە لە کە کەشێکی ئارامدا بەڕێوەچوو، سوپاس بۆ ئەوانەی کە دەنگیان پێدام.
پزیشکیان، باسی لەوە کرد، لەم هەڵبژاردنەودا بەڵێنی درۆی نەداوە، قسەیەکی نەکرد کە سبەی نەتوانێت بە کردار جێبەجێی بکات، "ئێمە ئەزموونێکی گەوەرەمان لە پێشە".
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی ئێران، جەختی لەوە کردەوە، دەربازکردنی ئێران لە کێشەکان لە پێشینەی کارەکانی دەبێت. هاوکات دەشڵێت: ژیانێکی باشتر بۆ خەڵکی ئێران دەستەبەر دەکەین.
ڕۆژی شەممە (6ـی تەمموزی 2024) ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندرا و مەسعود پزیشکیان بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.
بە گوێرە ئەنجامەکان، ڕێژەی بەشداریی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریدا 49.8% بووە، لە کۆی 30 ملیۆن و 530 هەزار و 157 دەنگی سەندووقەکانی دەنگدانی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە بەرەی چاکسازیخوازەکان بە 16 ملیۆن و 384 هەزارو 403 دەنگ بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئێران هەڵبژێردرا.