عیرفان ڕەشید: بە نایاسایی مامەڵەکردن بە گەنم لەڕووی شەرعەوە حەڕامە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، دەڵێت: فەتواکان لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و پاراستنی هەرێمی کوردستانە. هاوکات گوتی: بە نایاسایی مامەڵەکردن بە گەنم لەڕووی شەرعەوە حەڕامە.
عیرفان ڕەشید، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر مامەڵەیەک بکرێت کە قۆرخکاری و فێڵکردنی تێدابێت ئەبێتە زیانێکی گەورە بۆ لایەنی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەندێک کەس هەن کە جووتیار نین و زەوی کشتوکاڵییان نییە، لە ڕێگەی بەرتیل و کەسی ناسراوەوە پسوڵەیەک بۆ خۆی وەردەگرن و دەیفرۆشنەوە، لە ڕووی شەرعەوە حەڕامە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، دەڵێت: هەر جووتیارێک چەند بەروبوومی هەبێت پێویستە بە قەدەر بەروبوومەکەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئاماژەی بەوە دا، پێویستە مافی جووتیاران پێشێل نەکرێت، هەروەها فەتواکان لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و پاراستنی هەرێمی کوردستانە.
شەممە، (6ـی تەمموزی 2024)، د. عەبدوڵلا شێرکاوەیی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و گوتەبێژی یەکێتیی زانایان ئایینی ئیسلامی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە ڕاوێژی لەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی وەزارەتی کشتوکاڵ و لەگەڵ جووتیارانیش کردووە، سەبارەت بە شێوەی پسوولەکە و چۆنییەتی فرۆشتنی، فەتوایەکی لە ساڵی 2019 دەرکرد؛ بەو پێیەی ئەم پسوولە کاڵایەکی دیاریکراو نییە، لەهەمانکاتدا چەکێکی بانکیش نییە، تەنیا پەڕاوێکی فەرمییە، لەبەرامبە ئەو بڕە گەنمە دەدرێت بە جووتیاران بۆ ئەوەی گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆکان بکەن".
هاوکات ڕاشیگەیاند، "ئەوکاتە ئەنجوومەنی باڵا ڕوونی کردەوە خاوەنی پسوولەکە دەتوانێت سازش لە پسوولەکەی بکات، بەچەند مەرجێک؛ یەکەمین مەرجیش ئەوەیە کە جووتیاری هەرێمی کوردستان، پێویستە گەنمی هەرێمی کوردستان ڕادەستی سایلۆ بکات، نەوەک گەنم لە دەرەوەی وڵات بێنێت و ڕادەستی سایلۆی بکات لەڕێگەی ئەم پسوولەیەوە". هەروەها"دووەمین مەرجیش ئەوەیە، خاوەنی پسوولەکە سازش لە پسوولەکەی بکات، نەک مامەڵەی پێوە بکات و بیفرۆشێت.