ڕۆژێکی دیکەی خوێناوی لە غەززە
سوپای ئیسرائیل قوتابخانەیەکی لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بوون، لە ئەنجامدا 16 کەس کوژران.
10 مانگە شەڕی غەززە بەردەوامە. وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند؛ سوپای ئیسرائیل قوتابخانەیەکی نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی لە کەمپی نوسێرات بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا 16 کەس کوژران.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین 'وفا' ڕایگەیاند، "لە بۆردومانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەی ئەلجاعونی کە شوێنی نیشتەجێبوونی فەڵەستینییە ئاوارەبووەکان بووە، لانیکەم 13 کەس کوژران، کە بەشێکیان پارچە پارچە بوون و دەیان کەسیش برینداربوون کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون".
وەزارەتی تەندروستی بۆردومانی قوتابخانەی ئەلجاعونی لە کەمپی نوسێرات ئیدانە کرد، کە 50 کەسی تێدا برینداربوونە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا.
هەروەها ڕۆژی شەممە، پزیشکەکان ڕایانگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ماڵێک لە کەمپی نوسێرات 10 کەس کوژراون کە سێ کەسیان ڕۆژنامەنووس بوون، هەروەها ڕۆژنامەنووسێکی دیکە لە باکووری کەرتی غەززە کوژرا.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل کە 1200 کەس کوژران، هەروەها نزیکەی 251 کەسیش ڕفێندران، کە تاوەکو ئێستا 116 بارمتە لەلای بزووتنەوەی حەماسە، 42 بارمتەش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە مردوون، زیاتر لە 130 بارمتەش ئازاد کراون، هەروەها زیاتر لە 38 هەزار فەڵەستینی کوژراون کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن.