لە عێراق شێوازێکی نوێی خۆکوشتن سەری هەڵداوە

شەقامی تەحریر لە بەغدا
شەقامی تەحریر لە بەغدا

بەم دواییانە گروپێک لە ناوەڕاست و باشوری عێراق دروست بوون کە بەخۆیان دەڵێن "قربانیون" و گەنجان هان دەدەن تا بە تیروپشک خۆیان بکوژن، ئامانج لەم کارەیان، وەک خۆیان باسی دەکەن خۆ بەقوربانیکردنی ئیمامی عەلییە.

چاودێران هۆشداریی دەدەن، لە ئەگەری فراوان بوونی ئەم گرووپە و دەڵێن "ئەگەری هەیە ببنە هۆی دروستبوونی مەترسیی ئەمنی لەسەر دەوڵەت، چونکە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان گروپی "قربانیون" تا ئێستە بوونەتە هۆی خۆکوشتنی پێنج گەنج بە تیروپشک".

ئەو گروپەی گەنجان بەرەو خۆکوشتن بە تیروپشک هان دەدات، خۆیان ناوناوە گروپی "قربانیون"، گروپەکە، کار لەسەر شتنەوەی مێشکی گەنجان و هاندانیان بەرەو خۆکوشتن دەکات. ئەم حاڵەتە بەزۆری لە پارێزگاکانی باشوور و بەتایبەتی زیقار هەستی پێ دەکرێت.

ئەحمەد یاسری، چاودێریی ئەمنی سەبارەت بە حاڵەتی خۆکوشتن بە تیروپشک لەنێوان گەنجانی باشووری عێراق دەڵێت: نەمانی متمانە بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێت پاڵنەری گەشەکردنی گروپی "قربانیون" بێت.

ئەو چاودێرە باس لەوە دەکات، گروپی "قربانیون" لە ئەگەری بەردەوامبوونیان دوو نییە ببنە هەڕەشەی ئەمنیی لەسەر کۆمەڵگە، چونکە ئەم گروپە لە ڕێگەی ئایدۆلۆجیای توندی شیعەگەراوە کار لەسەر شوشتنەوەی مێشکی گەنجان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی تا ئێستە پێنج گەنج لە پارێزگای زیقار لەسەر دەستی گروپی قوربانیوون بەشێوەی تیروپشک خۆیان کوشتووە.

دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ترسیان لەوە هەیە گروپی قوربانیوون سەربکێشن بۆ گروپی چەکدار لەئەگەری ڕاوەدوونان و بەدواداچوونیان لەلایەن هێز ئەمنییەکانەوە.

چاودێران ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە لە ئایدۆلۆژیا بە ئەرکی پیاوانی ئاینی و ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان دەزانن؛ تا چیتر لە ڕێگەی شۆرکردنەوەی مێشکیانەوە گەنجان بەرەو خۆکوژی نەبەن، چونکە خوکوژییەکەیان وەک خۆیان دەڵێن ئامانج لێی نزیکبوونەوەیە لە ئیمامی عەلی.

پێش دوو ڕۆژ دەزگای ئاسایشی عێراقی دەستگیرکردنی 30 کەسی لە زیقار، بەسرە و واست ڕاگەیاند، بەتۆمەتی ئەندامییەتیی لە گروپی "قربانیون"، کە دەستیان هەبووە لە هاندانی زیاتر پێنج گەنجی سەرو 22 ساڵ بۆ خۆکوشتن بە تیروپشک.

بەگوێرەی ماددەی نۆ لە دەستووری عێراق، به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دروستكردنی قەوارە و ڕێبازێكی توندڕه‌وی، تیرۆری، ته‌كفیر و پاكتاویی مه‌زهه‌بی قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.