حزبوڵڵای لوبنانی: بەدەیان مووشەک بنکەیەکی سەرەکی ئیسرائیلمان بۆمباران کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵڵای لوبنانی بە دەیان مووشەکی کاتیۆشا بۆردومانی بنکەی "نیمرا"ـی ئیسرائیلیان لە ڕۆژئاوای تەبریا کرد.

حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لە بەرامبەر ئەو هێرش و تیرۆرەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناوچەی بەقاع کراوە، ئەمڕۆ چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامی بنکەی نیمرایان لە ڕۆژئاوای تەبریا بە دەیان مووشەکی کاتیۆشا بۆردومان کرد".

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، نیمرا یەکێکە لە بنکە سەرەکییەکانی ناوچەی باکووری ئیسرائیل.

دوای ئەوەی ئیسرائیل شەڕی کەرتی غەززەی ڕاگەیاند، ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان بووەتە مەیدانی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، هەروەها ئیسرائیلیش هەڕەشەی دەستپێکردنی شەڕێکی بەرفراوان لە لوبنان دەکات.