ئازاد مستەوفی: بە سەرکەوتنی ڕاسترەوەکان فەرەنسا لە هاوپەیمانەتییەکان دێتە دەرەوە

گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی گشتیی فەرەنسا
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی گشتیی فەرەنسا

شرۆڤەکارێکی سیاسیی پێی وایە، بە سەرکەوتنی ڕاسترەوەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، فەرەنسا لە هاوپەیمانەتییەکان دێتە دەرەوە و دووچاری مەترسیش دەبێتەوە بەهۆی نزیکی لە سیاسەتی رووسیاوە.

یەکشەممە 7ـی تەممووزی 2024، ئازاد مستەوفی،  رۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسیی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا و ئەگەری زۆری سەرکەوتنی ڕاستڕەوەکان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی میدیاکانی فەرەنسا تاوەکو نیوەڕۆ ئاماری هەڵبژاردن بەشێوەیەک بووە کە لەسەدا چوار زیاتری خەڵکی فەرەنسا لەچاو هەفتەی ڕابردو، بەشداریی هەڵبژاردنەکەیان کردووە.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە وەک چۆن لە گەڕی یەکەم سەرکەوتن، لە گەڕی دووەمیشدا  گردبوونەوەی نیشتیمانی یاخود باڵی ڕاستڕەوی توندڕەو بە سەرۆکایەتی ماریا لۆپین سەرکەوتنی ڕەها بەدەست بێنێت.

دەشڵێت، باردێلا لەلایەن ماریا لۆپینەوە کاندید کراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران، لەبەر ئەوەیە دەگوترێت وڵات دەچێتە حاڵەتی ئیفلیجییەوە، پێی وایە پارتی ڕاستڕەو زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنێت و سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانیان دەکەوێتە دەست، ئاماژە بەوەش دەکات، پارتی ڕاستڕەو دەیەوێت لەزۆربەی هاوپەیمانەتییە نێودەوڵەتییەکان بێتە دەرەوە، چونکە ئەو لاگیریی لە سیاسەتی رووسیا دەکات لە بابەتی جەنگی دژی ئۆکرانیا و پرسی پەنابەران، دەڵێت، هەر لەبەر ئەوەیە خەڵکی فەرەنسا ترسی هەیە بکەونە نێو کۆمەڵێک قەیران، ئاشکرای دەکات، خەڵکی فەرەنسا دووچاری دڵەڕاوکێی بوون لەوەی لۆپین کەسێکی تەمەن 28 ساڵی بێ ئەزموونی بۆ سەرۆکایەتی دیاریی کردووە، دەشڵێت،  میدیاکانی فەرەنسا زۆر باسی ئەو بەربژێرە دەکەن کە مەترسیی دەخاتە سەر فەرەنسا.

ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوە کرد، خەڵکی فەرەنسا کە دەنگیان بە باڵی راستڕەو داوە، لەبەر ئەوە بووە ویستوویانە هۆشیارییەک بدەنە پارتی میانڕەو و پێی بڵێن، ناڕازیین لە سیاسەتتان.

یەکشەممە 7ی تەممووزی 2024، کاتژمێر هەشت، دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری فەرەنسا بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی گشتی، لەبەردەم دەنگدەراندا کرایەوە.

لەم گەڕەی هەڵبژاردندا لە کۆی 577 پەرلەمانتار 501 پەرلەمانتار لە 501 بازنە هەڵدەبژێردرێن و بڕیارە پرۆسەی دەنگدانی ئەمڕۆ تاوەکوو کاتژمێر شەشی ئێوارە بە کاتی پاریس بەردەوام بێت.

گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسا لە 30ی حوزەیرانی ڕابردوو بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدان %66.7 بوو، تیایدا ڕاستڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی مارێن لۆپێن توانیان لە%33ی دەنگەکان بەدەست بهێنن، بەڵام هاوپەیمانێتییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن تەنیا %20ی دەنگەکانی بەدەست هێنا.

هەروەها بۆ ئەم گەڕەی هەڵبژاردن چاوەڕوان دەکرێت ڕێژەی بەشداریی لە پرۆسەکە زیاتر بێت، چونکە فەرەنسییەکان لە بارەی هەردوو گەڕەکەی دەنگدان، پەندێکیان هەیە و دەڵێن "دەنگدانی گەڕی یەکەم دڵەکان بڕیار دەدەن، بەڵام گەڕی دووەم دەنگدانی عەقڵە".

چاوەڕوان دەکرێت لەم گەڕەی هەڵبژاردنی گشتیی فەڕەنسا ڕاستڕەوەکان جارێکی دیکە دەنگی زۆرینە بەدەست بهێننەوە و حکوومەتی نوێی فەرەنسا پێک بهێنن.

بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە 577 بازنەی هەڵبژاردن دابەش کراون کە بە دیاریکراوی 539 بازنە لە فەرەنسا و 27بازنەش لە دەرەوەی وڵاتەکە لە دەرەوە و 11 بۆ نوێنەرایەتیی هاوڵاتیانی فەرەنسا لە دەرەوە لەگەڵ 27 ناوەندی دیکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانتارانی فەرەنسییە بۆ خولێکی پێنج ساڵە.