سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: حکوومەت هاوکاری گەنجان دەکات بۆ ئەوەی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: من دەمەوێ خزمەتی هەموو خەڵکی كوردستان بكەم و بەرژەوەندی خەڵكم خستووەتە سەرووی بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەكان و شانازیشی پێوە دەكەم.

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌م گفتوگۆیه‌كدا به‌ وردی و بایه‌خه‌وه‌ گوێ له‌ خواست، داواكاریی، پێویستی، پێشنیاز و تێبینییه‌كانی خه‌ڵكی سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌گرێت و وه‌ڵامی پێویستیان ده‌داته‌وه‌.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی دیدارەکەدا گوتی: ئەمە چەندین جارە کە بەشدار دەبم لەم جۆرە گردبوونەوانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆشەویست، گفتوگۆیەکی خۆمانە و ڕاستگۆیانە دەکەین لەسەر کۆمەڵێک بابەت کە گرنگن بۆ هاووڵاتییان و هەم بۆ وڵاتەکەمان، هەروەها بۆ پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و حکوومەتیش.

هاوکات دەڵێت: من بە نوێنەرایەتی حکوومەت و شەخسی خۆشم، لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام، بۆ ئەوەی زیاتر گوێ لە بۆچوونەکانی ئێوە بگرم، پرسیارەکانی ئێوە ئەگەر هەتانە، وەڵامتان بدەمەوە و گفتوگۆیەکی زۆر ڕاشکاوانە و خۆمانە و دۆستانەمان هەبێت.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، دەیەوێت خزمەتی هەموو خەڵکی كوردستان بكات و بەرژەوەندی خەڵكی خستووەتە سەرووی بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەكان و شانازیشی پێوە دەكات.

هاووڵاتییەک پرسیارێکی ئارستەی سەرۆکوەزیران کرد و گوتی: دەمەوێت باس لە ڕێژەی کۆچکردنی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ وڵاتانی ئەورووپی یان هاوشێوەکانی، بەتایبەتی لە سنووری ڕاپەڕین، لە دەڤەری قەڵادزێ و ڕانیە بەرنامەی حکوومەتی هەرێم چییە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ناوچەکەی ئێمە؟

سەرۆکوەزیران لە وەڵامی پرسیارەکەدا دەڵێت: بەڕاستی جێگەی داخە گەنجی ئێمە بیر لە کۆچکردن بکاتەوە، دەمەوێت زۆر بە ڕاشکاوی لەسەر ئەو بابەتە قسەیەک بکەم لەگەڵ ئێوە، ئەو گەنجەی کە کۆچ دەکات، ئایا پارە و جەرخی پێویستە بۆ کۆچکردن یان نا؟ پارە دەدات یان نا؟ پێش هەموو شتێک، پێم وایە ئەو قاچاخچی و بازرگانییە سیاسییانەی کە ژیانی هاووڵاتییانیان کردووەتە کاڵا بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆیان، ئەوانە تاوانباری یەکەمن.

باسی لەوە کرد، حکوومەت هاوکاری گەنجان دەکات بۆ ئەوەی کار بۆخۆیان بدۆزنەوە، هەروەها هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی گرنگی بە فرەچەشنکردن و هەمەجۆرکردنی ئابووری لە کوردستان بدەین بۆ ئەوەی تەنیا ئیعتیمادی ئێمە لەسەر وزە و نەوت و گاز نەبێت. گرنگیمان بە کشتوکاڵ داوە، گرنگیمان بە بووژانەوەی گەشتوگوزاری داوە، گرنگیمان بە پیشەسازی داوە، بەڵام ئەمە بە شەو و ڕۆژێک ناکرێت، خۆزگە بەرنامەیەکی ڕێکوپێک لە ساڵانی ڕابردوو هەمووی هەبووایە بۆ ئەوەی ئێستا بەرهەمەکانیمان بینیبایە.

هەر لە بارەی دیدارەکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "خۆشحاڵ بووم کە هەفتەی ڕابردوو، لەگەڵ خەڵکی سلێمانی بووم. گوێم لە ڕەخنە و خواستەکانیان بۆ داهاتوو گرت، ئەم گفتوگۆیانە لە سەرتاسەری کوردستان بەردەوام دەبن و کاریگەریان لەسەر باشتر جێبەجێکردنی کارنامەکەمان دەبێت.سوپاسی کوردستانییان دەکەم".

دەقی پرسیار و وەڵامەکانی بەشی یەکەمی دیدارەکە

Fly Erbil Advertisment