ڕووسیا.. قوتابییەکی کورد وەک یەکێک لە زیرەکترین و باشترین دەرچووی ساڵ خەڵات کرا

سەعدوڵڵا شێروان عوسمان، قوتابییەکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان
سەعدوڵڵا شێروان عوسمان، قوتابییەکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان

K24 – ڕووسیا:

قوتابییەکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوکردنی خوێندن لەنێو زیاتر لە حەوت هەزار دەرچووی زانکۆ، وەک یەکێک لە زیرەکترین و باشترین دەرچووی ساڵ ناوی چووە ناو پەرتوکی قوتابییە بلیمتەکانی زانکۆ و لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا خەڵات کرا.

سەعدوڵڵا شێروان عوسمان، قوتابییەکی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، چوار ساڵ لەمەوبەر بە هاوئاهەنگی نێوان حکوومەتی ڕووسیا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە زانکۆی ئوڕاڵی فیدڕالی رووسیا بە زەمالە وەرگیراوە. دوای تەواوکردنی خوێندن لەنێو زیاتر لە حەوت هەزار دەرچووی زانکۆکە، وەک یەکێک لە زیرەکترین و باشترین دەرچووی ساڵ، ناوی چووە ناو پەرتوکی قوتابییە بلیمەتەکانی زانکۆ و لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی پارێزگاری یەکەترینبۆرگ و سەرۆکی زانکۆ، خەڵاتکرا.

سەعدوڵڵا شێروان، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردستان24 ئەوەی خستەروو، کە ئەمساڵ لەسەر ئاستی زانکۆ و لە نێو زیاتر لە حەوت  هەزار  قوتابی دەرچوو، تەنیا 100 باشترین قوتابی دەرچوو دیاریکراون و ناویان چووەتە ناو پەرتوکی زانکۆوە.

ناوبراو یەکێکە لەو 100 باشترین دەرچوویەی زانکۆکە  کە دەستکەوتی نایابی لە بواری زانستی و ئەکادیمی هەبووە. ئەو گەنجە کوردە کە بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس هاتووە بۆ ڕووسیا، نەک بۆ هاوتەمەنەکانی خۆی بوو بە نموونەیەک، بەڵکو لە پرۆژە داهێنەرەکانی زانکۆ بوو بە یەکێک لە قوتابییە پێشەنگەکان کە دەستکەوتی ناوازەی لە بواری زانستی و ئەکادیمی هەبووە.

سەعدوڵڵا شێروان عوسمان، لە ساڵی 2020 لە بەشی (زانستی و ئەندازیاری کۆمپیوتەر) لە زانکۆی ئوڕاڵی فیدراڵی ڕووسیا دەستی بە خوێندنی بەکالۆریۆس کردووە.  لە ماوەی چوار ساڵی خوێندنیدا، رۆڵی چالاکی هەبووە و لە زیاتر لە 20 کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زانستی (IT) بەشداریکردووە و 5 پێنج بابەتی زانستی لە گۆڤارە زانستییەکانی ڕووسیا بڵاوکردووەتەوە، کارە زانستیەکانی لە لایەن لیژنە پسپۆڕەکانەوە بەرز نرخێنراون.

سعدوڵڵا لە پاڵ خوێندنەکەی، خولێکی لە پڕۆگرامی (کارایی کەسی و ڕابەرایەتی لە داهێناندا) تەواوکردوە، کە لەلایەن زانکۆوە پەسەندکراوە  و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش یارمەتی دەدات بەشدارییەکی کارا لە پڕۆژەیی (بە ئەلیکترۆنیکردنی ڕاگرایەتی) بکات.

وەک خۆی دەڵێت: گرنگی پڕۆژەکە ئەوە بوو کە ساڵانە لە فاکەڵتی ئەلیکترۆنی ڕادیۆ و تەکنەلۆجیایی زانیاری،  قوتابیەکی زۆر وەردەگیرێت بۆ خوێندن و ژمارەی کارمەندانی ئەو فاکەڵتیەش گۆڕانی بەسەردا نایەت، بۆیە بۆ ئەوەی گوشاری هەڵسوڕانی کاروبارەکانی فاکەڵتییەکە کەمبکرێتەوە، بەشێکی زۆری خزمەتگوزاریەکانی ڕاگرایەتی فاکەڵتییەکە بەشێوەی ئەلیکترۆنی پێشکەش بە قوتابییان دەکرێت.

هەروەها ئەم لاوە کوردە، لەگەڵ دوو پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە ئامادەکردنی پڕۆگرامێکی بیرکاری گونجاو بۆ قوتابییانی بیانی بۆ مەبەستی باشتکردنی پرۆسەی خوێندن، بەشداریکردووە. پرۆگرامەکە لەلایەن سەرۆکی زانکۆوە پەسەندکراوە و وا بڕیارە بۆساڵی ئاییندە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەعدوڵڵا، ئەوەشی خستەروو، لە هەوڵە ئەکادیمی و زانستییەکانی و بەشداری پرۆژەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکانی زانکۆ بەردەوام دەبێت، لەوانە ئامادەکردنی خزمەتگوزاریەکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ نیشتەجێکردنی قوتابییان لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ، ئەمەش پرۆسەی ڕایکردنی مامەڵەکانی قوتابییان بۆ وەرگرتنی بەشەناوخۆیی ئاسان دەکات.

ئەو قوتابییە، لە قۆناغی چوارەمی خوێندن، لە ڕیزبەندی چالاکییە زانستییەکان و چالاکییەکانی تری ناو زانکۆ لە ناو 37  هەزار  و 871 قوتابی پلەی دوازدەهەمینی بەدەستهێناوە. هەروەها  وەک یەکێک لە 20 باشترین قوتابیەکانی زانکۆیی ئوڕاڵی فێدڕاڵ لە لایەن پارێزگاری هەرێمی سڤێردڵۆڤسک بانگهێشتکراوە بۆ باڵەخانەی پارێزگا  و  پیرۆزبای لێکراوە.

سەعدوڵڵا شێروان عوسمان، لە ماوەیی خوێندنی بەکالۆریۆسدا  61 بابەتی خوێندووە و لە هەموویان بە پلەی نایاب دەرچووە، ئەمەش پێوەرێکی ئەکادیمییە بۆ توانایی و قوڵبوونەوەی قوتابی ناوبراو لە پڕۆسەی خوێندندا. وە لە هەر چوار ساڵی خوێندنیدا توانیویەتی لە ڕیزبەندی 10 قوتابییە زیرەکەکانی زانکۆ بێت.

Fly Erbil Advertisment