لاهور شێخ جەنگی لە هەمان ژووری شاسوار عەبدولواحید زیندانی کراوە
کوردستان24 نوێترین زانیاری لەبارەی تەندروستی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار ئاشکرا دەکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نوێترین پەیامی لاهوور شێخ جەنگی لە ناو زیندانەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ــی تشرینی یەکەمی 2026، دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەندروستی لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگی و سەرجەم گیراوانی دیکەی لالەزار باشە، سەرجەمیان لە شوێنەکەیان لە زیندان رازیین.
بە گوتەی دانا تەقیەدین، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لە ژوورێکی تایبەت داندراون و گیراوانی دیکەش لە شوێنی دیکەن. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، 19 گیراویان براونەتەوە ئاسایش، لەوبارەیەوە تیمی پارێزەران دەڵێن، ئەمە سەرپێچییەکی زەقی یاسایە و نابێت گیراوان بچنەوە ئاسایش.
دانا تەقیەدین لەگەڵ هەشت پارێزەری دیکە چاویان بە بریکاردارەکانیان کەوتووە و نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو دانیشتوون. لە دیدارەکەدا باسی بابەتی پێداچوونەوە بە سزاکە کراوە و لاهوور خۆی داوای کردووە دۆسیەکەی بنێرنەوە بۆ دادگای پێداچوونەوە.
تیمی پارێزەران پرسیاریان لە لاهوور کردووە سەبارەت بەوەی بۆچی شەوی رووداوەکە نەچووەتە بەردەم دادگا. لاهوور شێخ جەنگی لە وەڵامدا، گوتی، "شەوی رووداوەکەی لالەزار کاتێک ماڵەکەم گەمارۆ درا، بە بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیم گوت پۆڵاد بنێرنە دەرەوە و من وەک بارمتە دێمە ناو ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، بەڵام ئەوان گوتیان دەبێت بچیتە ئۆتۆمبێلەکەی بافڵ تاڵەبانییەوە، منیش رەتمکردەوە و بۆیە ئەو رووداوەی لالەزاری لێکەوتەوە".
لاهوور شێخ جەنگی، باسی لەوە کردووە، "هیچ تروسکاییەک لە دادگا نابینێت، چونکە پێشتریش بە تۆمەتی ژەهرخواردکردنی بافڵ تاڵەبانی چووە بەردەم دادگا و دادگا بڕیاری خۆی یەکلاکردەوە و بێتاوانیی سەلماند". لەبارەی سزادانەکەشیەوە، گوتی، "لە دەرەوەی دادگا بڕیارەکان دەدرێن".
کاتێک تیمی پارێزەران پێیان گوتووە چۆن دەڵێی لە دەرەوەی دادگا بڕیارەکان دەدرێن، لاهوور شێخ جەنگی، روونیکردەوە، "ئەم ژوورەی من تێیدا زیندانیم، دوو هەفتە پێش بڕیاری دادگا لە زۆربەی پەیجەکان بڵاوکرایەوە شوێنەکەم لە چاکسازیی گەوران هەمان شوێنەکەی شاسوار دەبێت، بۆیە لە دەرەوەی دادگا سزا دراوم بەوپێیەی ئەمە لە میدیاکان بڵاوکرایەوە بەر لەوەی سزا بدرێم".
سەبارەت بە دۆخیان لە زیندان، دانا تەقیەدین، گوتی، بۆیان هەیە لە رێگەی سیستەمی تەلەفۆنی چاکسازییەوە پەیوەندی بکەن و تەلەفزیۆنیان هەیە. هەروەها، ئاماژەی بەوە دا، کاتێک تیمی پارێزەران چوونە سەردانی بریکارەکانیان، لاهوور شێخ جەنگی سەیری یاریی تۆپی پێی دەکرد. لە تەلەفزیۆنی ژوورەکەیاندا هیچ کەناڵێک سانسۆر نەکراوە و پارێزەرانیش بەربەستیان نییە بۆ سەردانیکردنیان.
بڕیار بوو ئەمڕۆ جارێکی دیکە لاهوور شێخ جەنگی بە ماددەیەکی دیکە دادگایی بکرێتەوە بەڵام دادگاییکردنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
لە 15ـی ئەم مانگە و دوای هەشت دانیشتنی دادگا، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار بە پێی ماددەی 56 تایبەت بە رێککەوتن و پلاندانان بۆ تاوان، بڕیاری سزادانیان بەسەر لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبوار حامی حاجی غالی و ژمارەیەک کەسی دیکەدا سەپاند.
بە پێی ئەو بڕیارانە، لاهوور شێخ جەنگی بە پێنج ساڵ و سێ مانگ، پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامی حاجی غالی بە دوو ساڵ زیندانیکردن سزادران. هەروەها هەشت کەسی دیکە بە ماوەی جیاواز سزادران و دوو تۆمەتباریش بە بێتاوان ناسێنران.