پڕۆسەی چاکسازیی ساڵانە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قۆناخی کۆتاییدایە
پڕۆسەی چاکسازیی ساڵانە لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قۆناخی کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونی، هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وەرزی زستاندا دەکرێت. ئەو پڕۆسەیە کە لە 2ـی تشرینی یەکەمی 2026 دەستیپێکردووە، بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت و لە 2ـی تشرینی دووەمی 2026 کۆتایی دێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پڕۆژەی رووناکی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا لە گەرمیان و شەقڵاوە کارکردن لە پڕۆژەی رووناکی لە قۆناخێکی پێشکەوتوودایە و تەنیا چەند وردەکارییەکی تەکنیکی ماوە بۆ ئەوەی ئەو دوو ناوچەیە ببنە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری دەکرێت و لە کاتی نزیکبوونەوە لە وادەی کۆتاییهاتنی ئامادەکارییەکان، کات و وردەکارییەکەی رادەگەیەنرێت.
سەبارەت بە پلانەکانی کارەبا بۆ وەرزی زستان، ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی چاکسازییەکان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر هێشتا بە تەواوی کۆتاییان نەهاتووە، پلانێکی کۆتایی بۆ وەرزی زستان دانەنراوە و پێشوەختە چاوەڕێی تەواوبوونی سەرجەم کارەکانی چاکسازییەکە دەکەن.
پڕۆژەی رووناکی یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە 17ـی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەندرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە دابینکردنی کارەبای نیشتمانییە بە شێوەی 24 کاتژمێری و بێ پچڕان بۆ سەرجەم هاووڵاتیان و کارگە و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2026.
ئەم پڕۆژەیە چەند ئامانجێکی سەرەکی لەخۆ دەگرێت. یەکەم ئامانجی بریتییە لە گەیاندنی کارەبای نیشتمانیی بەردەوام بە ماڵان و شوێنە بازرگانییەکان. هاوکات پڕۆژەکە هەوڵ دەدات کۆتایی بە مۆلیدە ئەهلییەکانی گەڕەکەکان بهێنێت، کە ساڵانێکی زۆرە هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە، هەوای شارەکان و دروستبوونی ژاوەژاو بوون.
تیمی پڕۆژەکە جەختدەکەنەوە کە نزیکەی 80%ـی خێزانەکان، بەتایبەت ئەوانەی کەمدەرامەتن یان کارەبای کەم بەکاردەهێنن، بڕی ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەی رووناکی دەیدەن کەمترە لەو کۆی پارەیەی پێشتر بۆ مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی خەرجیان دەکرد.