بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر: زیاتر لە 110 شوێنمان سزا داوە

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما زیاتر چاودێرییەکانمان لەسەر بازاڕەکان چڕتر کردووەتەوە، هەروەها زیاتر لە 110 شوێن سزای دارایی دراوە.
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە کاریگەریی لەسەر ماددە خۆراکییەکان هەیە، لیژنەکانمان چڕتر کردووەتەوە و سەردانی کۆگاکان و مارکێتەکان و گۆشتفرۆشان و شیرنەمەنییەکان دەکەین.
هۆگر باسی لەوەش کرد، لە هەرشوێنێک سەرپێچی هەبێت یاخود ئەو کەلوپەلە بەهۆی گەرماوە تێک چووبێت، ئەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، هەندێک جار شوێنەکان دادەخەین یان ڕووبەڕووی دادگای دەکەینەوە.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر ڕاشیگەیاند، ئێستا زیاتر بەهۆی گەرماوە چاودێریی کەلوپەلەکان دەکەین چونکە کار لێکدەکات و تێک دەچێت، بۆیە ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو مارکێتەکانە کە دەبێت پلەی ساردییان بەرزبکەنەوە بۆ ئەوەی کەلوپەلەکان تێک نەچێت. بەتایبەتی شیرەمەنی، سپیایی و گۆشت، چونکە ئەوانە زوو تێک دەچێت لەبەر ئەوە دەبێت شوێنێکی تەندروستی بۆ تەرخان بکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، 1100 شوێنمان بەسەرکردووەتەوە، هەروەها سزای دارایی زیاتر لە 110 شوێنمان داوە، چوار شوێنیشمان بەهۆی پاباند نەبوونی کۆگاکەیەوە داخستووە، چونکە ئەو کەلوپەلەی دێتە هەر مارکێتێک یان لە هەر کۆمپانیاییەک دروس دەکرێت سەرەتا لە کۆگا دادەنرێت.
دەشڵێ: ئێمە بەپێی ڕێنمایی 6ـی ساڵی 2021، 21 خاڵمان هەیە بۆ هەموو کۆگا و مارکێتەکان، کە دەبێت ئەو خاڵانە جێ بەجێ بکات بۆ ئەوەی ئەو خواردنانە بە پاکژیی بمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر کەموکوڕی هەبێت لە جێبەجێکردنی ئەوخاڵانە ئەوە پێبژاردنی بۆ دەکەین.