ڕێبین ئەحمەد: لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا 400 هەزار دار و 300 هەزار گوڵمان چاندووە

ڕێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر
ڕێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر

بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر ئاشکرای دەکات، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەپێوەری ڕووبەر سەدا دوو و نیو ڕێژەی سەوزاییان لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر زیاد کردووە بە چاندنی 400 هەزار دار و 300 هەزار گوڵ.

دووشەممە 8ـی تەممووزی 2024، ڕێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەپێوەری ڕووبەر سەدا دوو و نیو ڕێژەی سەوزاییان لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بە بەرهەمی خۆیی لەڕێگەی سێ نەمامگەوە زیاد کردووە، دەشڵێت، هیچ بڕە پارەیەک لە زیادکردنی ئەو ڕێژە سەوزاییە خەرج نەکراوە.

 بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ لەسەر بوودجەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بە نزیکەی سێ ملیار و 700 ملیۆن دینار  پارکی 150 مەتریی کرایەوە لە شەقامی خێرای هەولێر- پیرمام، لەو یەکتر بڕە نزیکەی 150 هەزار مەتر دووجا سەوز کرا، لەگەڵ ئەوەی دروستکردنی سێ پارکی دیکە لە جێبەجێ کردندان، لەوانە پارکێک لە گەڕەکی ژیان کە ڕووبەڕەکەی نزیکەی 18 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، هاوکات پارکێک لە یەکتربڕی شەقامی 120ـی خێرای هەولێر-موسڵ، هەروەها پارکی ڕەشکین کە تەواوی ئەو پارکانە ساڵی داهاتوو تەواو دەبن.

ڕێبین ئەحمەد ڕایگەیاند، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیویانە 400 هەزار دار و 300 هەزار گوڵ بڕوێنن، دەشڵێت، ژمارەیەکی زۆری ئەو دارانە بەسەر شارەوانییەکانی دەرەوەی سنووری شارەوانی هەولێر دابەشکردووە، بەڵام ژمارە هەرە زۆرەکە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر چێندراوە.

Fly Erbil Advertisment