پرۆژەی قیڕتاوکردنی ڕێگاى دۆڵى بالیسان لە سێریانى زینەتیر تاکو شکارتە دەستی پێکرد

تیمەکانی ڕێگەوبانی سەر بە پارێزگای هەولێر، دەستی بە قیڕتاوکردنی ڕێگاى دۆڵى بالیسان لە سێریانى زینەتیر تاکو شکارتە کرد و دوای تەوابوونی پرۆژەکە، هاتوچۆی هاووڵاتییان لەو ڕێگە ئاسانتر دەبێت.
لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پارێزگای هەولێر و گەیاندنی دەستی ئاوەدانی و لەپێناو خزمەتکردنی زیاتر هاووڵاتییان و گەیاندنی پڕۆژەکان بەشێوەیەکی یەکسان لەسەرجەم گوند و ناحییە و قەزاکان، ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی تەممووزی 2024، بە گوژمەى 7 ملیار و 698 ملیۆن و 562 هەزار دینار، دەستکرا بە قیڕتاوکردنی ڕێگاى دۆڵى بالیسان لە سێریانى زینەتیر تاکو شکارتەی سنوورى ناحیەی بالیسان سەر بە قەزایی شەقڵاوە.
درێژی ڕێگاکە 23.5 کیلۆمەترە، پرۆژەکە بریتیە لە هەڵگرتنى هەموو ڕێگاکە و ڕاخستنی پێنج چین لە تێکەڵە و ڕاخستنی دوو چین لە بەردی شکاو، پاشان دووبارە فەرشکردنەوەى بە هەردوو چینى قیڕکردنى جۆرى ستابلایزەر و بایندەر.
ئەم پڕۆژەیە جگەلەوەی پڕۆژەیەکی ستراتیجی گرنگە و هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە هەمان کاتدا خزمەتێکی زۆر پێشکەش بە هاتووچۆی هاووڵاتییانی دەڤەرکە دەکات.