یەپەژە لەسەر بە دیل گیرانی شەڕڤانان روونكردنەوە دەدات
- K24 ھەولێر
لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی دەنگۆی بە دیل گیرانی چەند شەڕڤانێكیان لەلایەن سوپای توركیا، یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) رەتیدەكاتەوە ھیچ شەڕڤانێكیان بە دیل گیرابێت.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی (یەپەژە) دەڵێ: "چوار شەڕڤانی یەپەگە کە بۆ هاوکاری بریندارەکان چووبوونە ناوچەکە، کەوتوونە بۆسەی سوپای تورکیاوە، جیا لەوان هیچ شەرڤانێکی یەپەژە بەدیل نەگیراوە".
لەو روونكردنەوەدا یەپەژە رایگەیاندووە: "جیا لە چوار شەرڤانی یەپەگە و دوو ناسنامەی شەرڤانانی یەپەژە، هیچ شتێکی دیکە نەکەوتۆتە دەستی سوپای تورکیا، هەردوو شەڕڤانی یەپەژە کە ناسنامەکانیان کەوتۆتە دەستی سوپای تورکیا، ئێستا لە ناو یەکینەکانیاندا ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن".
پێشتر بڵاوكرابووەوە كە ژمارەیەك لە شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە سنوورەكانی جەرابلوس كەتوونەتە بۆسەی سوپای توركیا و بە دیل گیراون.