چاندنی پەتاتە هەلی کاری بۆ 30 هەزار کەس لە کوردستان ڕەخساندووە

کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی پەتاتە
کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی پەتاتە

خاوەن پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی پەتاتە ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتەی کوردستان 350 بۆ 400 هەزار تۆن زیاتر تێناپەڕێنێت، چونکە کەشوهەوایەکی خراپمان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا چاندنی پەتاتە هەلی کاری بۆ 30 هەزار کەس لە کوردستان ڕەخساند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی تەمموزی 2024، بەشار مشیر، خاوەن پڕۆژەی بەرهەمهێنانی پەتاتە، لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەبەر ڕێژەی زۆری باران بارین و هەروەها ناجێگری و گۆڕانکاری کەشوهەوا، کەشوهەوای ئەمساڵ بۆ کشتوکاڵ بە گشتی خراپ بوو.

ئەو خاوەن پڕۆژەیە دەڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمتر بێت، بۆیە بە مەزەندەی خۆم لەو بروایەدام %50 بۆ 60 ڕیژەکەی کەم بکات، ساڵی ڕابردوو 650 هەزار تۆن پەتاتە لە کوردستان بەرهەم هێنرا، بۆ ئەمساڵ بە بڕوای خۆم 350 بۆ 400 هەزار تۆن بە گشتی زیاتر تێناپەڕێنێت، چونکە کەشوهەوایەکی خراپمان هەبوو".

دەشڵێت: "کۆکردنەوە و هەڵکەندنی پەتاتە لە هەندێک ناوچە دەمێنێت، بۆ نموونە لە دەشتی ناوکوڕ ڕیژەی هەڵکەندنی پەتاتە نزیکەی 50 بۆ 60 تەواو بووە، بەڵام لە دەشتی هەولێر هێشتا هەڵکەندن دەستی پێنەکردووە، واتە لە کۆتایی مانگی ئایار تاکو 1 بۆ 15ـی مانگی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. هەندێک جووتیار تاکو سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم پەتاتەکە دەهێڵنەوە".

ئاماژەی بەوەش دا، "ساغ کردنەوەی بازاڕی پەتاتە کاریگەری خۆی هەیە لەسەر جووتیار، ئەگەر بازاڕ باش بێت جووتیار پەتاتەکە زوو هەڵدەکەنێت و دەیفرۆشێت، ئەگەر بازاڕ خراپیش بوو جووتیار دەیهێڵێتەوە تاکو کاتێکی گونجاو، جووتیاری باش و شارەزاش دەزانێت چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ پەتاتە دەکات بۆ ئاودان و گونجاندنی کەشەکەش".

گوتیشی: "ئەمساڵ نرخی پەتاتە زۆر باشترە لە ساڵی ڕابردوو، هەرچەندە ئەو نرخە لەگەڵ ساڵی پار بەراوردی بکەی باشە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرهەم کەمە نرخی هێشتا باش نییە".

ئەو خاوەن پڕۆژەیە باسی لەوەش کرد کە "دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی جووتیارانی کردن و چاومان پێکەوت لە دەشتی ناوکوڕ، داوامان لێکردن سنوورەکانی کوردستان، باشتر بپارێزرێن لە هاوردەکردنی بەربووم، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، لیژنەیەک پێکهێنرا تاکو سنوورەکان باش کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەوەش وایکرد کە نرخی پەتاتە باشتر بێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەت و گرنگیدانی بە کەرتی کشتوکاڵ، بەتایبەت پەتاتە، وایکرد نرخی ئەو بەرەبوومە باشتر بێت لە ساڵی ڕابردوو".

ڕاشیگەیاند، "بۆ ئەمساڵیش لە پلانمان هەیە بەروبوومی پەتاتە هەناردەی دەرەوە بکەین، لەسەر داواکاری وڵاتی سعوودیە، قەتەر، ئوردن و دوبەی، چونکە ئێستە نرخی پەتاتەی کوردستان لە هەموو جیهان هەرزانترە، هەروەها لەبەر گۆڕانکاری کەشوهەواش ڕێژەی پەتاتە کەمبووەتەوە لە سەرانسەی جیهان و نرخەکەشی بەرز بووەتەوە ئەمەش وایکردووە خواست لەسەر بەرەبوومی پەتاتەی کوردستان لەسەر هەردوو جۆرەکەی پیشەسازی و خواردن هەبێت، بەتایبەت پیشەسازی چونکە ئەوەی دەبێتە فینگەر و چپس خواستی زۆرتری لەسەرە".

هەروەها "لە ساڵانی ڕابردوو لە خواردنگە بەناوبانگەکانی وەک "ماکدۆناڵز، کەی ئێف سی و کنتاکی"، ئەوانە کە بەرەبوومی پەتاتەی کوردستانیان تێست کرد، هەموو مەرجەکانی پیشەسازی تێدا بوو و بۆ پیشەسازی بەکاردێت و بۆ خواردنگەکان دەگونجێت".

گوتیشی: "ئەمساڵ پلانێکی باشمان هەیە ڕێژەیەکی باش پەتاتە هەناردەی وڵاتانی کەنداو بکەین".

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو خاوەن پڕۆژەیە دەڵێت: "بە مەزەندەی خۆم ئەمساڵ 10 بۆ 12 هەزار کەس سوودمەند بوون لە هەلی کار ماوەی سێ مانگ بۆ سێ مانگ و نیو، دەرفەتی کارییان بەدەستکەوتووە لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕيش، کوردستانیش بە گشتی ئەمساڵ 30 هەزار کەس سوودمەند بوون و دەرفەتی کارییان بەدەستکەوتووە لە چاندنی بەرەبوومی پەتاتە".

دەشڵێت، "ساڵی ڕابردوو سێومان هەناردەی دەرەوە کرد، بۆ ئەمساڵیش لە پلانماندایە لەسەر سێو کار بکەین، هەروەها ئێستە پیازیش خواستێکی زۆری لەسەرە، هەوڵدەدەین گرنگی زیاتریش بە پیاز بدەین وەکو پەتاتە بیکەینە بەروبوومیکی ستراتیژی لە هەرێمی کوردستان، لە بەر ئەوەی کەشوهەوای کوردستان زۆر گونجاوە بۆ پیاز و جووتیارانیش سەرکەوتووبوون لە بەرهەمهێنانی پیاز".

هەروەها بەشار مشیر، "داوا دەکات کە بەرنامەی سەرۆکی حکوومەت وەک خۆی جێبەجێ بکریت، لە هەموو دامودەزگای ئیداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە سنوورەکانی کوردستان، چونکە بەیەک دیداری سەرۆکی حکوومەت ئەمساڵ وایکردووە جووتیار گەشبین بێت و گرنگی بە کشتوکاڵی خۆی بدات، هیواداریشین ئەم بەرنامەیەی لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام بێت. لای خۆشمانەوە ئێمە بەڵێنمان بە سەرۆکی حکوومەتداوە کە هەر 12 مانگەکەی ساڵ، هەرێمی کوردستان بەگشتی پێویستی بەیەک دانە پەتاتەی دەرەوەی کوردستان نەبێت".

 

Fly Erbil Advertisment